ئابووری

ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا راپۆرتی پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەناردەی کاڵا و شمەکی بۆ وڵاتانی جیهان بڵاوکردەوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا دەڵێت، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بایی 4.4 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا راپۆرتی پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەناردەی کاڵا و شمەکی بۆ وڵاتانی جیهان بڵاوکردەوە و دەڵێت، بایی 106.9 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە. بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 4.5٪ زیادیکردووە.
بە گوێرەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووی زیادکردنی هەناردەکاری بۆیان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو شوێنانە هاتوون کە تورکیا کاڵای بۆ هەناردە کردوون. لەو پێنج مانگەدا تورکیا بایی 4 ملیار و 374 ملیۆن و 259 هەزار دۆلار کاڵای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناردووە. بەراورد بە پار، ئاستی هەناردەکاری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە بڕی 790 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیادیکردووە.
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا باس لەوە دەکات، بایی 931.6 ملیۆن دۆلار دانەوێڵە، پاقلەمەنی، رۆن و رۆنی شل؛ بایی 455.2 ملیۆن دۆلار مۆبیلیات؛ بایی 448.9 ملیۆن دۆلار مادەی کیمیایی؛ بایی 280.4 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی کارەبا و ئەلیکترۆنی و بایی 267.4 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ئاژەڵ و پەلەوەری هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
لە کۆی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئیستەنبووڵ بایی 1.3 ملیار دۆلار لە ریزبەندی یەکەمی زۆرترین کەلوپەلی هەناردە بووە؛ دیلۆکی باکووری کوردستان بە 721.2 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەم؛ مێردینی باکووری کوردستان بە 305.3 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەم؛ شرنەخی باکووری کوردستان بە 264.9 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی چوارەم و مەرسین بە 254.7 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی پێنجەم بووە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زۆرترین هەناردەی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ئەڵمانیا بووە. لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بایی 7.9 ملیار دۆلار هەناردە بۆ ئەڵمانیا کراوە؛ لە ریزبەندی دووەمدا ئەمریکا بە 5.40 ملیار دۆلار؛ ئیتاڵیا بە 4.96 ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەم؛ بەریتانیا بە 4.93 ملیار دۆلار لە ریزبەندی چوارەم؛ عێراق و هەرێمی کوردستان بە 4.37 ملیار دۆلار لە ریزبەندی پێنجەم بوون.
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا لە راپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر گەشەی خێرای هەناردەی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و نوسیوویەتی: "پەیوەندیی نێوان تورکیا و عێراق بە هێندەی دیپلۆماسی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و هەناردەشدا رەنگی داوەتەوە. سەردانەکەی مانگی نیسانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار بۆ عێراق پەیوەندیيە بازرگانییەکانی بەهێزکرد و سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ