بانکە ناوەندییەکانی جیهان سوودی بانکی زیاد دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە، سێ بانکی ناوەندیی ئەوروپا بڕیاریاندا سوودی بانکی بەرزبکەنەوە، لەنێویاندا دووانیان رێژەکەیان 0.50٪ بەرزکردەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش رایگەیاندبوو، لەمساڵدا سوودی بانکی زیاتر بەرزدەکەنەوە.
 
رێکارەکانی بانکە ناوەندییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر بازاڕە داراییەکان داناوە؛ لە دوێنێوە نرخی نەوت نزیکەی 4 دۆلار و، نرخی زێڕیش نزیکەی 20 دۆلار دابەزیون.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵاکان کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی بەرزیی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان دادەبەزێنێت.
 
بانکی ناوەندیی بەریتانیا 
 
بانکی ناوەندی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە، 22.6.2023 سوودی بانکیی بە رێژەی 0.50٪ زیادکرد، بەوەش رێژەکە لەو وڵاتە گەیشتە 5.0٪ کە بەرزترین ئاستە لە 15 ساڵی رابردوودا.
 
ئەمە 13ـەمین جارە لەسەریەک بانکی ناوەندیی بەریتانیا سوودی بانکی زیاد دەکات، مەبەستی سەرەکییش دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسانە.
 
دوێنێ چوارشەممە، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، لە مانگی ئایاردا هەڵاوسان وەک خۆی لە 8.7٪ ماوەتەوە، ئەوەش گوشارەکانی سەر بانکی ناوەندیی بۆ زیادکردنی سوودی بانکی زیادکرد.
 
بەر لە کۆبوونەوەی بانکەکە، ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد رێژەکە 0.25٪ زیادبکرێت.
 
بانکی ناوەندیی بەریتانیا لە کۆنووسی کۆبوونەوەکەیدا رایگەیاندووە، "لە ئامارەکانی ئەم دواییەی [هەڵاوسان]ـدا، دەردەکەوێت کە هێشتا ئاراستەی هەڵاوسان روو لە بەرزییە".
 
ناوەندی ئاماری بەریتانیا رۆژی چوارشەممە، 21.6.2023 رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا پوختەی قەرزەکانی حکومەت 100٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکەی تێپەڕاندووە. ئەمەش بەو واتایەی کۆی ئەو خزمەتگوزارییانەی ئێستا لە بەریتانیا بەرهەمدەهێنرێن، کەمترن لە قەرزەکانی وڵاتەکە.
 
زیادکردنی سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ لە لایەن بانکی ناوەندیی بەریتانیاوە، تەواو پێچەوانەی هەنگاوەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کاتێک سەرەتای ئەم مانگە، بۆ یەکەمجار دوای 10 جار بەرزکردنەوەی لەسەریەک، سوودی بانکی لە 5.25٪ بە جێگیری هێشتەوە.
 
بەر لە چەند رۆژێکیش، بانکی ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری دا سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ زیاد بکات.
 
بانکی ناوەندیی سویسرا
 
بەپێچەوانەی بانکی ناوەندیی بەریتانیا، بانکی ناوەندیی سویسرا بڕیاری دا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سوودی بانکی بە رێژەیەکی کەمتر زیادبکات.
 
بانکی ناوەندیی سویسرا رۆژی پێنجشەممە بڕیاریدا سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ زیاد بکات. ئەوەش هاوتەریب بوو لەگەڵ پێشبینیی ئابووریناسان.
 
بەم پێیە، کۆی سوودی بانکی لەو وڵاتە گەیشتە 1.75٪، بەڵام بانکەکە دەڵێت، رەنگە پێویست بکات هێشتا سوودی بانکی زیاتر بەرزبکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان بۆ ئەو ئاستەی، کە ئامانجی بانکەکەیە.
 
لەدوای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ـەوە، ئەمە پێنجەمین جاری لەسەریەکە بانکی ناوەندیی سویسرا لە کۆبوونەوەکانیدا بڕیاری زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی بدات.
 
هەڵاوسان لە سویسرا لە 2.6٪ لە مانگی نیساندا بۆ 2.2٪ لە مانگی ئایاردا دابەزی، لەکاتێکدا هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بە تێكڕا 6.1٪ بووە لە مانگی رابردوودا.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بانکی ناوەندیی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەرەنگاری گوشارەکانی هەڵاوسان دەبێتەوە کە لە مەودای مامناوەنددا زیادبوون. دەشڵێت، ئامانجی ئەوەیە هەڵاوسان بۆ خوار 2٪ کەمبکاتەوە.
 
بانکی ناوەندیی نەرویج
 
هاوشێوەی بانکی ناوەندیی بەریتانیا، بانکی ناوەندیی نەرویجیش ئەمڕۆ بڕیاریدا سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ زیاد بکات، بەوەش رێژەکە گەیشتە 3.75٪، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 15 ساڵی رابردوودا.
 
هاوکات، ئابووریناسانیش پێشبینییان کردبوو بانکی ناوەندیی نەرویج سوودی بانکی بە رێژەی 0.50٪ زیادبکات.
 
بانکی ناوەندیی نەرویج پێشبینیش دەکات، تاوەکو پاییزی ئەمساڵ، سوودی بانکی لەو وڵاتەکە بگەیێنێتە 4.25٪.
 
هۆشدارییەکەی جیرۆم پاوڵ
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم مانگە سوودی بانکی بە جێگیری هێشتەوە، بەڵام سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت، رەنگە لەمساڵدا دوو جاری دیکە سوودی بانکی زیادبکەن، ئەوەش نرخی زێڕی بۆ نزمترین ئاستی پێنج مانگ دابەزاند.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 21.6.2023 رایگەیاند، بەرپرسانی بانکەکە پێشبینی دەکەم لەمساڵدا پێویست بکات دوو جاری دیکە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە بۆ دابەزاندنی هەڵاوسان، کە بە گوتەی پاوڵ، هێستا "لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە".
 
پاوڵ دەڵێت، لەدوای نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە، هەڵاوسان هەندێک دابەزیوە، بەڵام گوشارەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە زیادبووندان، پرۆسەی گێڕانەوەی هەڵاوسانیش بۆ 2٪، کاتێکی زۆر دەخایەنێت".
 
ئامانجی بانکەکە لە شەپۆلی زیادکردنی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی هەڵاوسانە بۆ 2٪ کە ئامانجی بانکەکە لەو رێژەیە هەڵاوسان رابگرێت، بەڵام ئێستا هەڵاوسان 4٪ـە و هێشتا زیاترە لەو ئاستەی بانکەکە دەیەوێت.
 
هاوکات، لەگەڵ سەرنجەکانی لەسەر سیاسەتی نەختینەیی، پاوڵ ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسان هاوئاهەنگن لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی دارایی و رێکخراوەیی وشیارانەی کەرتی بانکی، کە لە سەرەتای ساڵدا تووشی تەنگژەیەکی قووڵ بووەوە و سێ بانکی گەورەی ئەو وڵاتە مایەپووچ بوون.
 
بازاڕەکان
 
بەهۆی گوتەکانی جیرۆم پاوڵ و زیادکردنی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا بۆ نزمترین ئاست لەدوای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دابەزیوە و ئێستا ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە 1915 دۆلارەوە.
 
بەم پێیە، لە دوێنێوە نرخی زێڕ نزیکەی 20 دۆلار دابەزیوە.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا گرێوەکان لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نرخی زێری لە نێوان 1930 تاوەکو 2000 دۆلار هێشتووەتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی دابەزینی نرخی زێر زۆربەی بازرگانان پێیانوایە، ئەگەری هەیە نرخی زێر لە دابەزین بەردەوام بێت و نزیکبێتەوە لە 1900 دۆلار.
 
هاوشێوەی زێڕ، بەدیاریکراوی گوتارەکەی پاوڵ، نرخی نەوتیشی دابەزاند و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە کەمتر لە 75 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە دوێنێ چوارشەممەوە نرخی نەوت زیاتر لە سێ دۆلار دابەزیوە کاتێک بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 77 دۆلار.
 
تەنیا ئەمڕۆش، نرخی نەوتی برێنت دوو 2.93 دۆلار، یاخود 3.80٪ دابەزیوە و هەر بەرمیلێک بە 74.18 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هاوکات نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 3.29 دۆلار، یاخود 4.55٪ دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 69.23 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.