بودجەی عێراق چاوەڕێى وەقائیعە و هەرێمى کوردستانیش مانگى تەممووز

رووداو دیجیتاڵ

یاسای بودجەى گشتیى عێراق قۆناخى بڵاوکردنەوەى ماوە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، دەڵێت، دەبێت تاوەکو 25ـی حویزەران 400 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمى کوردستان بنێردرێت و مانگى تەمموزیش تەواوى پشکى بەشە بودجەکە بنێردرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانى جێبەجێبکات.
 
رۆژی 21ـی حوزەیرانى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە.
 
بە بڵاوکردنەوەى یاساى بودجەى گشتى، راستەوخۆ یاساکە دەکەوێتە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە.
 
وەزارەتى داد، ئەمڕۆ (پێنجشەمە 22ـی حوزەیرانى 2023)ـی لەبەردەستە، تاوەکو لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاویبکاتەوە، ئەگەرنا دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، جێبەجێکردنى یاسای بودجە پێویستى بە رێنمایی وەزارەتى داراییە، کە ئامادەیان کردووە، تەنیا چەند مادەیەکى نەبێت.
 
جەمال کۆچەر گوتى "بەگوێرەى رێکارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، لەنێوان 18 بۆ 25ـی هەموو مانگێک، پارەی وەک پارەى مووچە و وەبەرهێنان، لەو وەزارەتەوە دەچێت بۆ وەزارەت و دەستەکانى دیکە".
 
پشکى هەرێمى کوردستان کەی و چۆن دەگات؟
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە یاسای بودجەى گشتى زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار.
 
لە ساڵى 2023 حکومەتى فیدراڵى عێراق، یەک تریلیۆن و 600 ملیار دینارى ناردووە بۆ هەرێمى کوردستان، کە بڕیارە لەدواى جێبەجێکردنى یاسای بودجە، لە پشکەکەى لە بودجەى گشتیدا ببڕدرێت.
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، پێویستە بەر لە 25ـی حوزەیران، 400 ملیار دینارى دیکە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت بۆ هەرێمى کوردستان، گوتیشى "ناردنى تەواوى پشکى بودجەى مانگانەى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە جێبەجێکردنى ئەو پابەندییانەی بەپێی یاساکە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانن، لەوانەش رادەستکردنى نەوتەکەى".
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات، جا بە مەبەستی هەناردەکردن بێت، یان بەکارهێنانى لە ناوخۆدا، لە بەرامبەر حکومەتی عێراق بەشە بودجەکەی بۆ دەنێرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى "دەبێت حکومەتى فیدراڵى پشکى تەواوى بودجەى هەرێمى کوردستان لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو پەسندکردنى بودجە بە تەواوى خەرج بکات، بە لێدەرکردنى ئەو بڕە پارەیەى پێشتر بۆى ناردووە".
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە بەشە بودجەى گشتى عێراق لەو سێ مانگەدا دەکاتە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا تێکڕاى پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجە، 16 تریلیۆن و 609  ملیار و 639 ملیۆن دینارە و مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 384 ملیار و 136 ملیۆن دینار، بەوپێیەش بۆ نۆ مانگى ئەمساڵ، دەبێت هەرێمى کوردستان 12 تریلیۆن و 457 ملیار و 229 ملیۆن دینار وەربگرێت، لەدواى لێ بڕینى ئەو یەک ملیار و 600 ملیۆن دینارەى، کە پێشتر بەغدا ناردوویەتى.
  
تانە بودجە راناگرێت
 
بڕیارە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و وەزارەتى دارایی تانە لە هەندێک لە بڕگەکانى یاساى بودجەى گشتى بدەن، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ماوەى مانگێکیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەى تانەکان پێشکێش بکەن و لەماوەى مانگێکدا وەڵام دەدرێنەوە.
 
پێشتر لە 12ـی حوزەیرانى 2023، یادگار مەحموود، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو "دیاریکردنى ئەو مادەیە لە یاساى زۆر لە وڵاتاندا هەیە".
 
ئەندامەکەى لیژنەى یاسایى گوتى "بۆ کێشە دەستوورییەکانى نێو یاساى بودجەى گشتى، دەبێت پەنا بۆ سکاڵاکردن ببرێت لە دادگەى باڵاى فیدراڵى، بەڵام بۆ کێشە ئیدارییەکانى دیکە دەتوانرێت هەر کاتێک بێت لە دادگەى دیکە سکاڵا تۆمار بکرێت". 
 
تانەدان لە یاساى بودجەى گشتیی عێراق لەدواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى دەبێت، کە بە گوتەى جەمال کۆچەر تانەدانەکە کارکردن بە یاساکە راناگرێت و تەنیا بەشێوەى کاتى ئەو ماددانە رادەگیرێن، کە تانەیان لێدراوە، تاوەکو سکاڵاکە یەکلادەکرێتەوە.