کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان: لە ئێران و ئەمریکا و ئوسترالیاوە فۆڕمی شوقەی کرێنشینان پڕکراوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان رایدەگەیێنێت، ئەو فۆرمە ئۆنلاینەی دەستەی وەبەرهێنان بڵاویکردووەتەوە بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشیناندا هەموو کوردێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت دەتوانێت پڕی بکاتەوە. دەشڵێت، خێزان هەیە شەش کەسن لە ماڵەوە هەموویان پڕیان کردووەتەوە و هەر شەش کۆدەکە بۆ ئەوان چووەتەوە، خەڵک هەیە لە خوارووی عێراق و ئێران و ئەمریکا و ئوسترالیایش پڕیکردووەتەوە. 
 
بەرهەم سەردار، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بەر لە راگەیاندنی فۆرمی ئۆنلاین لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشیناندا ئێمە تێبینیی خۆمانمان لەسەر فۆرمەکە پێ راگەیاندن." 
 
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان پێشنیازی دوو فۆڕمیان بۆ دەستەی وەبەرهێنان کردووە کە یەکێکیان تایبەت بێت بە هاووڵاتییان و ئەوەی دیکەیشیان تایبەت بێت بە فەرمانبەران، بەڵام کاریان بە فۆڕمەکانی خۆیان کرد کە ئەمەیش دەبێتە بارگرانییەکی زۆر لەسەریان.
 
گوتیشی: "ئەو فۆڕمەی ئێستا ئەوان بڵاویان کردووەتەوە هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت پڕی بکاتەوە. ئێستا هاووڵاتیی کورد لە هەر شوێنێکی دنیا بێت دەتوانێت پڕی بکاتەوە. کۆدمان بۆ هاتووە لە ئێران، باشووری عێراق، ئەمریکا و ئوسترالیاوە کورد فۆرمەکەی پڕ کردووەتەوە."
 
بەرهەم سەردار گوتی، "ئەگەر فۆڕمەکەی ئێمەیان قەبووڵکردایە لە هەر خێزانێکی کرێنشین تەنیا سەرۆک خێزانەکە بۆی هەبوو پڕیبکاتەوە. هەروەها ئەوەی خانووی هەیە، ئێمە بە داتابەیس لامانە، نەیدەتوانی ناسنامەی کرێنشینان دروست بکات یان پشتگیریی ئەنجوومەن بە دەست بهێنێت. هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە، بەم جۆرەیش 80%ـی فۆڕمەکان دەسووتان و ئەو %20ـیەی دەمایەوە بە ئاسانی رێکارەکانیان بۆ دەگیرایەبەر، بەڵام بە داخەوە حکومەت پێشنیازەکەی ئێمەی قەبووڵ نەکرد."
 
بە بۆچوونی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، راگەیاندنی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی یەکەکان لەم کاتەدا "نەگونجاوە"، چونکە هێشتا بەردی بناخەی یەکەکان دانەنراوە و شوقەکان دروست نەکراون رەنگە تاوەکو ئەو کاتەی دروست دەکرێن خەڵکانێک بمرن و خەڵکانێکی دیکەیش زیادببن.
 
بەرهەم سەردار پێیوایە، ئەو فۆرمەی بڵاوکراوەتەوە کێشەی زۆرە کە نەتوانراوە وردەکاری و زانیاریی زیاتر لە پێشکێشکار داوا بکات، چونکە خەڵک هەیە چەندین ساڵ پێشمەرگەیە، یان لە فەرمانگەکاندا خزمەتی هەیە یان کەمئەندامە و پێویستە ئەوانە بنووسرێن بۆ ئەوەی پلەبەندی و لەپێشتریی هەبێت.