نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی

22-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ نزیکەی 40 دۆلار دابەزی. هەر ئۆنسەیەک بە کەمتر لە دوو هەزار و 400 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. بەم نرخەی ئۆنسە، سبەی لە هەرێمی کوردستانیش نرخی زێڕ دادەبەزێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-5-2024) نرخی زێڕ 37 دۆلار دابەزی. هەر ئۆنسەیەک بە 2,383 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دواتر کەمێک بەرزبووەوە. هەڵگرتنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە.
 
ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 2 هەزار و 388 دۆلارە.
 
بەم نرخەی ئێستا، سبەی لە کاتی کرانەوەی بازاڕدا، سبەی لە هەرێمی کوردستان نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 5 هەزار دینار دادەبەزێت.
 
ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی فرۆشتنی زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕنگران بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=565,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=520,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=495,000 دینار
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=425,000 دینار
 
ئێڤرێت میڵمان، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕەکان لە دامەزراوەی "گەینسڤیڵ کۆینز - Gainesville Coins) بۆ بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ''هەرکاتێک بەرزبوونەوەیەکی درێژخایەن و دراماتیکی لە نرخی زێڕ هەبێت، ئاساییە هەڵگرتنی قازانجەکانیش ببینیت."
 
ئەو شارەزایە پێشبینیش دەکات، زێڕ ئاستی 2300 دۆلاریش ببینێتەوە.
 
میڵمان دەڵێت، پێشبینییەکان بە دواخستنی کەمکردنەوەی رێژەی سوود و فرۆشتنی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرانی رۆژئاواوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای دیکەی بانکەکە، باس لەوە دەکەن هێشتا هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ دابەزینی.
 
هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ کۆنووسی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش بڵاوببێتەوە.
 
ئاماژەدان بە نزیکبوونەوە لە کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەبێتە پشتیوانی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەپێچەوانەشەوە.
 
چوارشەممە 15-5-2024 وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە لە ئەمریکا بۆ 3.4٪ دابەزیوە. لە مانگی ئاداردا رێژەکە 3.5٪ بوو.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە دابەزینی ئاستی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی کرد، بەڵام گوتی "هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەین."
 
دابەزینی هەڵاوسان، گەشبینیی دروست دەکات بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمساڵ رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە. کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەبێتە هۆی دابەزینی پێنوێنی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی دژەکانی، کە دیارترینیان زێڕە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە