داوا دەکرێت پشکى کورد لە بودجەدا لەلایەن هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت یەکلابکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى ئەو مادانەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە "بنبەست." ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت: "داوامان کردووە ئەو پرسە لەنێو کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت یەکلابکرێتەوە."
رۆژی 22ى ئایارى 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "گفتوگۆکانى نێو لیژنەى دارایی کە تایبەتن بە ماددەکانى پڕۆژەیاساى گشتیى عێراق قەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە بنبەست و راگیراوە." جەمال کۆچەر گوتیشى: "ئەوان مەرجیان هەیە و ئێمەش مەرجەکانیان رەتدەکەینەوە."
دیارترین خاڵى ناکۆکى لەسەر ماددەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتییە کە تێیدا باس لە پشکى هەرێمى کوردستان و چۆنێتى فرۆشتنى نەوتەکەى کراوە.
ئەندامانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەنێو لیژنەى دارایی دەیانەوێت مادەیەک زیادبکەن بەوەى لەبارەى دروستبوونى کێشە لە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە، بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکلاکەرەوە بن، هاوکات دەستەواژەیەک زیادبکەن بەوەى هەژمارى هەڵگرتنى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى بێت و وەزیرى دارایی عێراق لە برى سەرۆکوەزیرانى عێراق، دەسەڵاتى سەرپشکردنی سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانى هەبێت بۆ خەرجکردنى پارەکەى ئەوە جگە لە راسپاردنى پرۆسەى فرۆشتنى هەناردەى نەوت بە کۆمپانیاى بازاڕگەرى نەوتى عێراق "سۆمۆ."
جەمال کۆچەر ئاشکرایکرد کە وەک ئەندامە کوردەکانى لیژنەى دارایی داوایان کردووە ناکۆکى لەسەر ئەو دوو مادەیە لە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت یەکلابکرێتەوە.
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکھاتووە لە هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، پارتى، یەکێتى، هاوپەیمانیى سەروەرى، عەزم، بابلیون کە لایەنە سەرەکییەکانى پێکهێنەرى حکومەتى ئێستاى عێراقن.
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە لە کۆى 199 تریلیۆن دیناری پارەى پڕۆژەیاساکە.