بڕیاردرا سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان بخرێنە یەک هەژماری بانکییەوە

22-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مەسرور بارزانی قوباد تاڵەبانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا و، "بڕیاردرا بە یەکخستنی هەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا و کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی رێژەیی".
 
هەفتەی رابردوو لە 14-5-2023ـی ئەنجوومەنی وەزیران دوای گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پەسندکرا و سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانیش سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
 
لە کۆبوونەوە تایبەتەکەی ئەمڕۆشدا بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان "دوای گفتوگۆ، بڕیاردرا بە یەکخستنی هەژماری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکیدا و کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی رێژەیی".
 
بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ئەمە بووە "هەرچی زوو بەیەکەوەبەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێت، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی، هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانی خەرجی، بەمەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگی لەنێوان داهات و خەرجییەکان".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە؛ ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، کار لەسەر دروستکردنی سیستمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە؛ باسکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بووە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
 
هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە ئەوەیە، کە پابەند دەبێت بە رێککەوتننامەی نەوتیی 4-4-2023 و بڕگەکانی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوە دەکات "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سوپاسی هەموو ئەوانە کرا کە رۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە کران بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کۆتووبەند بوون، لەسەر ناردنی بەشەبودجەی شایستەی هەرێم و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرا، کە یەکدەنگ داکۆکیان لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم کردووە و، هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن لەپێناوی دابینکردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدراڵ".
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، داواشکرا حکومەتی فیدراڵی و لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری، بەپێی دەستوور پابەندبن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و زامنکردنی شایستە و مافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە