هاونیشتمانییەک لە ئەڵمانیا: 10 ساڵە خانەنشین بووم و یەک رۆژ مووچەکەم دوانەکەوتووە
رووداو - ئەڵمانیا
هاونیشتمانییەک کە 27 ساڵ لە کارگێڕیی قوتابخانەیەکی ئەڵمانیا وەکو فەرمانبەر کاری کردووە، 10 ساڵە خانەنشین بووە و دەڵێت، لەو رۆژەوەی بڕیاری خانەنشینبوونی دەرچووە بێ هیچ کێشە و گرفتێک مووچەکەی دەچێتە سەر هەژماری تایبەت بە خۆی.
زنار هاجۆ تەمەنی 75 ساڵە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەڵمانیا مووچەی خانەنشینی هیچ کێشەیەکی نییە و دەزانین کەی مووچەکەمان دێت، هیچ کەسێک ناتوانێت پارەکە بخوات، هەموو مانگێک مووچەکە دێتە سەر هەژمارەکانمان، هەرکاتێک پێویستمان بوو پارەکانمان وەردەگرین لە بانک."
سیستمی بیمەی خانەنشینی لە ئەڵمانیا جیاوازە، بیمەی خانەنشینان لەو وڵاتە لەسەر سێ بنەما دانراون کە بریتین لەمانە:
- یەکەم؛ بیمەی خانەنشینیی یاسایی: لەسەر بنەمای سیستمی پارەدان رێژەی بەشداریکردنی 18.6%ی مووچەی گشتییە و بە نیوەیی لەلایەن خاوەنکار و فەرمانبەرەوە دەدرێت.
- دووەم؛ بیمەی خانەنشینی کۆمپانیا: خاوەنکار بڕە پارەیەک بۆ کارمەندەکەی زیاد دەکات و راستەوخۆ دەیخاتە سەر خانەنشینییەکەی.
سێیەم؛ بیمەی تایبەت بە پیری: لێرەدا بیمەکردن ئازادانەیە بەپێی رێککەتن و توانای کەسیی لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ پاشەکەوتکردنی بڕە پارەیەکی خۆی بۆ کاتی خانەنشینی.
ئەڵمانیا ئێستا 21 ملیۆن کەس خانەنشینی هەیە، مووچەی خانەنشینی بەپێی ساڵانی خزمەت و داهاتی کەسی دادەنرێت. دواتر مووچەی خانشینی مانگانە دەچێتە سەر ژمارە بانکیی تایبەت و بێ کێشە و نۆرەگرتن دەتوانێت پارەکەی وەرگرێت.
ئەمساڵ 112 ملیار یۆرۆ پارەی باج بۆ بیمەی خانەنشینیی ئەڵمانیا دابین کراوە کە یەک لەسەر سێی داهاتی فیدراڵییە. لەگەڵ ئەمانەشدا کێشەکانی سیستمی خانەنشینی لە زیادبووندایە.
دێنز چێلک، پسپۆڕی بیمەیە لە ئەڵمانیا و دەڵێت: "ساڵی رابردوو 1.1 ملیۆن کەس خانەنشین بوون، بەڵام لە لایەکی دیکەوە تەنها 680 کەس بۆ یەکەمجار دەستیان کردووە بە کارکردن. کەواتە 330 هەزار کەمە. ئەمە بۆشایی دروست دەکات. ئەم کێشەیە رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات."
بۆ چارەسەری کێشەکە دوو رێگە هەن؛ زیادکردنی رێژەی بەشداریکردنی کە ئێستا 18.6%ی مووچەی گشتییە، یاخود خانەنشین نەکردن تاوەکو تەمەنی 70 ساڵی. لە ئەڵمانیا هەر کەسێک کاربکات لە تەمەنی 67 ساڵیدا خانەنیشن دەکرێت، ئەوەی بیەوێت لە تەمەنی 35 ساڵیشدا خانەنشین بکرێت، ئەوا مووچەکەی کەمدەبێتەوە.