بە بڕی 30 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەمنزیکانە دەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بکرێتەوە و جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، پرۆژەکان هەر 10 قەزاکەی هەولێر دەگرێتەوە و دەرخستەیان بۆکراوە.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پرۆژەکان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە کۆمەڵگە و گوندەکانەوە دەگرێتەوە، نزیکەی 30 ملیار دینارییان بۆ تەرخانکراوە، هەرچەندە بڕی پارەکە کەمە، بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی پێویستیی شوێنەکان کارەکان جێبەجێبکرێن."
لەبارەی پرۆژەکانیشەوە، جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، "سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان دەگرێتەوە لەوانە، ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکان و کارەبا."
ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئایاری 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک و جێگرانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ئامادەی بوون. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستووەتەسەر میکانیزمی دەستکردنەوە بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە سەرجەم سێکتەرەکانی (ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکان).
هێمن قادر باسی لەوەشکرد، بەشێک لەو پرۆژانە ئەوانەن کە بەهۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە کارکردن تێیاندا راوەستابوو، باسی لەوەشکرد ئەو پرۆژانەی بڕیارە جێبەجێبکرێن بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحییەکان و پێویستییەکانی خەڵک خراونەتە بەرنامەی کارەوە.
هەر لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئومێد خۆشناو سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و شارەوانییەکانی راسپاردووە کە لە نزیکترین کاتدا بەپێی ئەو بەرنامەڕێژی و پلانەی لەلایەن پارێزگای هەولێر ئامادەکراوە، لیژنەی تایبەت دەستنیشانبکرێت و دەست بکرێت بە تەواوکردنی پرۆژە تەوانەکراوەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە بەهۆی دۆخی دارایی و کۆرۆنا راگیرابوون، لەگەڵ ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەیشی کە بەپێی ریزبەندی لە بەرنامەی کار دیاریکراون.