رووداو دیجیتاڵ
بەشداربوویەکى کۆبوونەوەى شاندى تورکیا و عێراق رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان ویستى وڵاتەکەى پێشانداوە بۆ ئەوەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی ساڵانەى نێوانیان بگەیێنێتە 24 ملیار دۆلار، بۆ ئەو هەنگاوەش باس لە پەسندکردنى دوو پەیماننامەى نێودەوڵەتى کراوە.
دیلان غەفوور، سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەرۆککۆمارى تورکیا جەختى لەسەر پرسی ئابوورى نێوانیان کردەوە و خواستى وڵاتەکەى پێشاندا بۆ ئەوەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ساڵانەیان لەگەڵ عێراق بگەیێنێتە 24 ملیار دۆلار."
ئێستا قەبارەى ئاڵوگۆڕەکە 15 ملیار دۆلارە. بە گوتەی دیلان غەفوور لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند رێگەچارەیەک کراوە بۆ زیادکردنی قەبارەکە، لەوانە کەمکردنەوەى باج و لادانى کۆت و بەند لەسەر هاوردەکردنى هەندێک کاڵا.
یەکێكى دیکە لە هەنگاوەکان کە باسکراون، وەک دیلان غەفوور گوتی، پەسندکردنى دوو پەیماننامەى نێودەوڵەتى بوون، ئەوانیش پەیماننامەکانی پاراستنى وەبەرهێنەرى تورکى، خۆلادان لە فرە باج.
پەیماننامەى خۆلادان لە فرە باج لەگەڵ تورکیا لە لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانە لە پاش ئەوەى رێککەوتنى بەرایی لەنێوان بەغدا و ئەنکەرەی لەسەر کرا.
بە پەسندکردنى پەیماننامەکە، کۆمپانیاکانى وەبەرهێنەر لە هەردوو وڵات یەک باجیان لێ وەردەگیرێت نەک لە هەردوو وڵات باج بدەن، پەیماننامەى دووەمیشیان هێشتا لەلایەن عێراقەوە لەگەڵ تورکیا واژۆ نەکراوە.
لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق، هەردوولا 24 یاداشتى لێکتێگەیشتن و دوو رێککەوتنیان واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ