ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشماخ و پەروێزخان دەستیپێکردەوە و سبەی لە حاجی ئۆمەرانیش دەستپێدەکاتەوە

22-04-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن دەروازەی سنووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی جەژنی رەمەزان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سێ دەروازەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران راگیرا، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان دەستیپێکردەوە، سبەیش لە حاجی ئۆمەران دەستپێدەکاتەوە، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری رانەگیراوە و بەردەوام بووە.
 
رۆژی شەممە 22ـی نیسانی 2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان پارێزگاری ورمێ و پارێزگاری هەولێر، ساڵانە سێ رۆژ پشووی فەرمی دەبێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی رادەگیرێت؛ رۆژانی یەکەمی جەژنەکانی رەمەزان، قوربان و نەورۆز.
 
سیروان حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، لە دوێنێوە دەروازەکەیان بەڕووی بازرگانیدا داخراوە و ئەمڕۆش بە داخراوی دەمێنێتەوە؛ گوتیشی: "دوێنێ لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی جەژن بوو، ئەمڕۆ لە ئێران یەکەم رۆژە، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمڕۆش بەردەوام بێت".
 
هاوکات عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکردووەتەوە و زیاتر لە 70 بارهەڵگر لە دەروازەکەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەروازەی باشماخیش تەنیا دوێنێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی راگیراوە و ئەمڕۆ دەستپێکردووەتەوە.
 
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێرانن کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێرە، هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک تەنیا دەروازەی وشکانیی فەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ تورکیا.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاڵوگۆڕی بازرگانی رانەگیراوە و بەردەوامە.
 
دەروازەکان سەرچاوەیەکی داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانن، بەگوێرەی ئاماری گومرگی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، داهاتی سێ مانگی گومرگ و باجەکان لە هەرێمی کوردستان 351 ملیار دینار بووە.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە بەهای زیاتر لە 9 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەکراوە؛ لە حاجی ئۆمەران بە بەهای 490 ملیۆن دۆلار؛ باشماخ بە بەهای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و لە پەروێزخانیش بە بەهای زیاتر لە 581 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.