سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: کەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 425 هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە خشتەی نوێی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی پەرلەمان کرابێت و دەڵێت، لای حکومەتە و گفتوگۆی لەسەر دەکات. دەشڵێت، "کەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 425 هەزار دینار."
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا حکومەت گفتوگۆ لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەکات، دەستکاریی مووچەی ئەوانە دەکرێت کە مووچەکانیان کەمە و کەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 425 هەزار دینار.
ئێستا کەمترین مووچەی فەرمانبەرانی عێراق 170 هەزار دینارە. سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەی دارایی چاوەڕێی حکومەت دەکات پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی پەسندی بکات، زۆربەی فەرمانبەرانیش چاوەڕێی ئەو خشتە نوێیە دەکەن، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران یەکبخرێت.
حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتبوو، لیژنەیەک پێکهێنراوە لە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی، بەمەبەستی ئامادەکردنی خشتەی نوێی مووچە، پێشنیازەکانی خشتەی مووچە رەوانەی لیژنەکە دەکرێت دوای ئەوەی تێبنییەکان تۆمار دەکرێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستکاریکردنی خشتەی مووچە لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، تائێستا حکومەت لیژنەی دارایی و پەرلەمانی عێراقی لەمە ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر گۆڕانکارییەکیش بکرێت، دەبێت پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی دا لەگەڵ لیژنەی دارایی پێی راگەیاندوون، "جارێ هیچ حیسابێکی وامان نەکردووە، ئاگاداری هیچ خشتەیەکی نوێی مووچەش نیم".