بازرگانێک پێشبینی دەکات ئەم ساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2700 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ
 
بازرگانێکی زێڕ پێشبینی دەکات، ئەم ساڵ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2700 دۆلار و تاوەکو ساڵی 2030یش بگاتە 5 هەزار دۆلار.
 
رۆژی هەینی 22-3-2024 لوقمان عەزیز، بازرگان و شارەزای زێڕ میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو.
 
لوقمان وەردی دەڵێت، ئێستا چەند وڵاتێک هەن کە خواستیان لەسەر زێڕ زۆر زیادبووە، لەوانەش تورکیا.
 
وەک ئەو بازرگانە دەڵێت، بەو هۆیەوە ئەوان یەک ئۆنسەی زێڕ بە 2422 دۆلار لە تورکیا هاوردە دەکەن، ئەوەش نزیکەی 250 دۆلار زیاترە لە نرخی زێڕ لە جیهاندا.
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، لە ساڵانی 2000ـەکان کیلۆیەک زێڕیان لە تورکیا بە 12 هەزار دۆلار دەکڕی؛ ئێستا کیلۆیەک بە 75 هەزار دۆلار هاوردە دەکەن.
 
لوقمان عەزیز لەبارەی گران هاوردەکردنی زێڕەوە دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوەیە حکومەتی تورکیا "دەستی بەسەر سێکتەری زێڕدا گرتووە".
 

 
رۆژی چوارشەممە 20-3-2024، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سوودی بانکییان لە 5.50٪ وەک خۆی هێشتەوە. گوتیشی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ئەوان هێشتا پێیانوایە کە ئەم ساڵ سێ جار رێژەی سوود کەمدەکەنەوە.
 
دوای لێدوانەکەی پاوڵ، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ زیاتر لە 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە 2200 دۆلار. ئەمە بەرزترین نرخی زێڕ بوو لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
 
سەرەڕای ئەو بەرزبوونەوەیە، لوقمان عەزیز دەڵێت، ئەو نرخەی ئێستا "زۆر زۆر هەرزانە" و ئەم ساڵ و لە ساڵانی داهاتوودا "زۆر زۆر گران دەبێت"، چونکە "تازە زێڕ دەست بە جووڵەی بەرزبوونەوە دەکات".
 
بەپێی پێشبینیی ئەو بازرگانە، لە کۆتایی ئەم ساڵدا نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ دەگاتە 2700 دۆلار.
 
لوقمان عەزیز دەڵێت، هەموو دراوەکانی جیهان، بە دیناری عێراقیشەوە بەرامبەر زێڕ لاواز بوون.
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، بەپێی پێشبینیی شارەزایانی بانکە ناوەندییەکانی جیهان، لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا "ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 3000 دۆلار". ساڵی 2026ـیش دەگاتە "3500 دۆلار".
 
ئەو شارەزایە گوتیشی، بەپێی پێشبینییەکان، ساڵی 2030، یەک ئۆنسەی زێڕ دەگاتە "5000 دۆلار".
 
بازرگانەکە لەبارەی دۆخی بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بەهۆی ئەو دۆخەی کە هەیە، بازاڕی زێڕ زۆر خراپە و 90٪ـی خەڵک کە دێن بۆ فرۆشتنی زێڕەکانیان دێن و تەنیا 10٪ـیان کڕیارن".
 
ئێستا 100 دۆلار بەرامبەر کەمتر بە 150 هەزار دینارە. بە گوتەی لوقمان عەزیز، لە رۆژانی رابردوودا کە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە ئاستی 2200 دۆلار، ئەگەر نرخی 100 دۆلار لە ئاستەکانی زیاتر لە 150 هەزار دینار بووایە، دەکرا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە 500 هەزار دیناریش.
 
ئەو بازرگانە لەبارەی ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆدا دەڵێت، ئەگەر نرخی ئۆنسەی زێڕ لەو ئاستەی ئێستای [2175 دۆلار] بێت و لە بەرامبەریشدا نرخی 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دینار دابەزێت، ئەوا نرخی مسقاڵی زێڕ دادەبەزێت و ئەگەر هەیە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بێتەوە 430 هەزار دینار.
 
ئەو شارەزایە پێشبینیش دەکات، تاوەکو ساڵی داهاتوو، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە 500 هەزار دینار [ئێستا بە 470 هەزار دینارە].