داهاتەکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە هەشت ملیار دینار کەمیکردووە

22-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە هەشت ملیار دینار کەمیکردووە.
 
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و تایبەتە بە داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا داهاتە نانەوتییەکانی ئەو ناوچانە تەنیا دوو ملیار و 762 ملیۆن و 358 هەزار دینار بووە. 
 
ئەو داهاتانە لەماوەی نێوان 16ـی ئادار تاوەکو 22ـی ئاداری 2024 بەدەستهاتوون.
 
ئەو بڕە داهاتەی لەم هەفتەیەدا لەو دوو پارێزگا و دوو ئیدارە سەربەخۆیەدا بەدەستهاتووە، 8 ملیار و 238 ملیۆن دینار کەمترە لەو داهاتەی هەفتەی رابردوو، واتە لە ماوەی نێوان 9 تاوەکو 15ـی ئاداری 2024، لەو سنوورانەوە بەدەستهاتبوو کە زیاتر لە 11 ملیار و یەک ملیۆن دینار بوو.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ماڵپەڕە، کەمبوونەوەی داهاتەکان زیاتر پەیوەندییان بە پشووەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە هەیە، کە وایکردووە جوڵەی بازرگانی لە سنوورەکانەوە کەم ببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە