رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى راپۆرتى ساڵانەى دەستەى دەستپاکیى عێراق، ساڵى رابردوو دەستەکە کاری لەسەر 16 هەزار و 571 دۆسیەى گەندەڵى کردووە، کە 12 هەزار و 537 کەسى تێدا تۆمەتبارکرابوون و 56 یان بە پلەى وەزیر بوون، هاوکات زیاتر لە 32 ملیار دینارى دۆسیەکانى گەندەڵى گەڕێندراونەتەوە خەزێنەى دەوڵەت.
رۆژی 22ـى ئادارى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق راپۆرتى ساڵانەى خۆى بۆ 2022 بڵاوکردەوە، کە تایبەت بوو بەو دۆسیانەى گەندەڵى، کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە، لەگەڵ فەرمانەکانى دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەى ئەو پارانەى کە بەهۆى گەندەڵییەوە بەدەست هاتوون.
16 هەزار دۆسیە و 12 هەزار تۆمەتبار
دەستەی دەستپاکیى عێراق لە راپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە، لەو 16 و 571 دۆسیەیەى کاریان لەسەر کردووە، 6765 دۆسیەیان یەکلاکراونەتەوە.
بەگوێرەى ئەو راپۆرتە، ساڵى رابردوو 12 هەزار و 537 کەس بە دۆسیەى گەندەڵى تۆمەتبار کرابوون، لەو ژمارەیە 56 وەزیر و هاوپلەکانیان لەلایەن دەستەى دەستپاکییەوە تۆمەتبارکراون و تێکڕاى ئەو تۆمەتانەى ئاراستەی تۆمەتبارانى ئەو خاوەن پلانە کراون 108 تۆمەت بووە، هاوکات 370 پلە باڵا 685 تۆمەتی گەندەڵییان ئاراستەکراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە هەشت هەزار و 485 فەرمانیان بۆ بانگکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵى بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە و 83.33%ـى ئەو فەرمانانە جێبەجێکراون، هاوکات هەزار و 531 فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانى گەندەڵى دەرکراوە و 856 فەرمانیان جێبەجێکراون کە دەکاتە 70.22%ـى تێکڕاى ژمارەى فەرمانەکان، 28.18%ـى تۆمەتى فەرمانەکانى دەستگیرکردن زیانگەیاندن بووە بە موڵک و ماڵى گشتى کە لە پلەى یەکەمدا دێت.
لەو ماوەیەدا ژمارەى ئەو بڕیارانەى بۆ رێگرى لە گەشتکردن دەرکراوە بەرامبەر بە تۆمەتبارانى گەندەڵى، 258 بڕیار بووە، کە سێ لە تۆمەتبارەکان پلەیان وەزیر بووە، 22ـى دیکەیان پلە باڵا بوون، کە بەڕێوەبەرى گشتى و هاوپلەکانیان دەگرێتەوە.
32 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە
تێکڕاى ئەو پارانەى کە لە ماوەى 2022 دا دەستەى دەستپاکى گەڕاندوویەتییەوە یان بڕیارى گەڕاندنەوەى داون و یان رێگرى لە بەهەدەردانى کراوە، لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەى گەندەڵى، گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و 250 ملیار و 200 ملیۆن و 226 هەزار و 300 دینار.
لەو بڕە 32 ملیار و 859 ملیۆن و 836 هەزار و 757 دینار گەڕێندراونەتەوە خەزێنەى دەوڵەت، لەکاتێکدا 67 ملیار و 888 ملیۆن و 624 هەزار و 160 دیناریش فەرمان دەرکراوە بۆ گەڕاندنەوەیان.
لە 10 ساڵدا 115 تۆمەتبار لە دەرەوە رادەستکراونەتەوە
بەگوێرەى راپۆرتەکەى دەستەى دەستپاکى، لە ساڵى 2022دا لەکۆى 301 تۆمەتبارى دۆسیەى گەندەڵى کە بە نائامادەبوون فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و هەڵاتوون، 138 یان چوونەتە دەرەوەى عێراق و 43 یان هێشتا شوێنى خۆشاردنەوەیان ئاشکرا نەبووە.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەشداوە، کە لە ساڵى 2012 تاوەکو 31ـى کانوونى یەکەمى 2022، ژمارەى ئەو تۆمەتبارانەى هەڵاتبوون بۆ دەرەوەى عێراق و رادەستکراونەتەوە، 115 تۆمەتبار بوون کە 101یان بڕیارى لێبووردنى گشتى ئەوانی گرتووەتەوە، هاوکات 53 تۆمەتبار هێشتا نەگەڕێندراونەتەوە بەهۆى ئەوەى ئەو وڵاتەى بۆى هەڵاتوون ئامادەنین رادەستیان بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ