سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک: راگرتنی فرۆشتنی دۆلار بەهۆی ساختەکارییەوە بوو

22-02-2023
سۆران حوسێن
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەمیلە گەردی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەمیلە گەردی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی ئاڕ تی بانک دەڵێت، لە سلێمانی بەردەوامن لە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران، بەڵام لە هەولێر و دهۆک رایانگرتووە بە هۆکاری "سپیکردنەوەی پارە". دەشڵێت ئەو دۆلارەی بە گەشتیار دەدرێت کۆدی لەسەرە و ئەمریکا چاودێری خەرجکردنی دەکات و دەبێت بۆ گەشتیاری راستەقینە بێت.
 
هەمیلە گەردی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 22-2-2023 پەخشکرا، باسی لە هۆکاری راگرتنی فرۆشتنی دۆلاری لە هەولێر و دهۆک بە گەشتیاران کرد و گوتی: "کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراو و گەشتیاریی گرووپیان دروستکردووە و ناردوویانە بۆ بانک بۆ ئەوەی دۆلار وەربگرن، بەڵام گەشتەکەیان تەنیا فڕۆکەخانە بۆ فڕۆکەخانەی وڵاتی بەرامبەر بووە و پارەکەیان هێناوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراقیش بەوەیان زانیوە."
 
بۆ رێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی بڕیاریداوە بۆ هەر گەشتیارێکی هەرێمی کوردستان و عێراق 7 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بانک بۆ 100 دۆلار 131 هەزار دینار دابین بکات، بەڵام بڕیارەکە لە هەولێر و لقی ئاڕ تی بانک لە دهۆک راگیراوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک دەڵێت، ئەو پڕۆژەیەی کە بانکی ناوەندی داینابوو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی پێویستیان بە بانکە بە نرخی بانکی ناوەندی سەرەتا پێنج بانک تێیدا بەشداربووە و دواتر بوون بە 10 بانک، پاشان بەهۆی فلتەرەکانی بانکی ناوەندییەوە دیسان ژمارەی بانکەکان کەمکراونەتەوە.
 
"ئەمریکا چاودێریی سەکۆی بانکی ناوەندیی عێراق دەکات"
 
هەمیلە گەردی گوتی: "ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق [بۆ پێدانی دۆلار] سەکۆیەکی دروستکردووە و هەموو کارێک بە ئەلیکترۆنی دەکرێت، سەکۆکە موڵکی بانکی ناوەندییە، بەڵام بە سەرپەرشتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دروستکراوە و چاودێریی دەکرێت؛ هەشت مانگ کاری لەسەرکراوە."
 
"لە هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی دۆلار گرووپ دروستکراوە"
 
لەبارەی پێدانی دۆلار بە نرخی بانک لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک کە تەنیا بانکن مافی پێدانی پارەکەیان هەیە دەڵێت، رێگەنەدراوە بانکی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان پارە بە نرخی بانک بدەنە هاونیشتمانییان بەو مەرجانەی دیاریکراون، دوای جەختکردنەوەی بانکەکەیان، بانکی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریکاش پشتیوانییان کردووە کە پێدانی دۆلارە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. گوتیشی: "من ناچاربووم لەسەر پڕۆگرامەکە [پارەدان] دەرگای بانکەکە دابخەم."
 
هەمیلە گەردی گوتی: "پارە و بەشمان لە بانکی ناوەندی هەیە، بەڵام کێشەی گەورەمان هەیە؛ بەداخەوە خەڵک لە مەترسی بابەتەکە تێناگات، نووسینگە و کۆمپانیاکانی گەشتیاری و بەشێکی سەرمایەداران گرووپێک خەڵکیان هێناوە پارەیان دەدەنێ و دەڵێن بچنە بانکی ئاڕ تی پارە بێنن؛ هەندێک خەڵکی ئێمەش تێناگات و دێنە بانک و پاسپۆرت و پێداویستییەکانیان دێنن و دواتر گەشتەکەش دەکەن و لە فڕۆکەخانەوە دەگەڕێتەوە، حکومەتی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراقیش بەم بابەتەیان زانی، ئێمەش نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ سپیکردنەوەی پارە چونکە بۆ خەڵکی ئێمە هەڵەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قبووڵی ناکات؛ ئێمەش وەکو بانک لە هەرێمی کوردستان قبووڵی ناکەین."
 
"هەر دۆلارێک بە کەسێک دەدرێت کۆدی لەسەرە و بەناوییەوە تۆمار دەکرێت"
 
بە گوتەی هەمیلە گەردی، هەر دۆلارێک دەدرێت بە هاووڵاتی کۆدێکی لەسەرە و ئەو کۆدە لەسەر ناوی هاووڵاتییەکە تۆمار دەکرێت و گەنجینەی ئەمریکا ئاگادار دەبێت دۆلارەکە بە کێ دراوە و چاودێریی دەکات بزانێت دۆلارەکە چووەتە کوێ و لە کوێ خەرجکراوە. گەردی دەڵێت: "ناکرێت کەسەکە بچێتە فڕۆکەخانەی وڵاتێکی دیکە و بگەڕێتەوە، چونکە کێشە بۆ پاسپۆرتەکەشی دروستدەبێت دوای 30 رۆژ پێی دەزاندرێت، چونکە دەزاندرێت تۆ کەی رۆیشتوویت و راستەوخۆ گەڕاویتەوە لە کەمتر لە 24 کاژێردا."
 
"بۆ پێدانەوەی پارە سیستمێکی نوێ دادەنێین"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک دەڵێت، ئەوەی کۆمپانیاکانی گۆڕێنەوەی دراو بە هەندێک کەسی دەکەن هیچی لە بازرگانیی "بە جەستەی" مرۆڤ کەمتر نییە. گوتیشی: "ئێستا سیستمێک دادەنێین وەکو بانک، سیستمەکە خۆمان دروستمان کردووە، گەشتیاری راستەقینە دەچێتە سەر پلاتفۆرمی ئاڕ تی بانک و پڕی دەکاتەوە و وەکو فلتەرێک هەموو بەڵگەنامەکانی دەگەیێنێتە ئێمە پێش گەشتەکەی بە 24 کاژێر و بەشێوەی ئۆنڵاینیش دەتوانێت نۆرە بۆ خۆی بگرێت و بانکیش کاتی بۆ دادەنێت، دواتر بەگوێرەی کاتەکە دەبێت خۆی سەردان بکات بۆ وەرگرتنی پارەکەی و کارتەکەی."
 
هەمیلە گەردی باسی لە چاودێرییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بانکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی، لەبەر ئەوەی ئەمریکا تێبینی لەسەر کارەکانیان بووە چوار بانک راگیراون و 14 بانکی دیکەش لەژێر چاودێریدان.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک گوتیشی: "عێراق نەوت دەفرۆشێت، دۆلارەکەی لە نیویۆرک دەمێنێتەوە، ئێمە رێگەیەکمان دەوێت پارەکە بێنینەوە بۆ بودجە و پڕۆژەکان لە عێراق؛ دەوڵەتی عێراق پارەی دینارە و دراوی دینار زاڵە، سەرەتا ئەو پارەیە بەشێوەی حەواڵە دەهات و ناشەرعی دەرکەوت، ئەمریکا ئەو رێگەیەی گرت و گوتیان ئێمە ناتوانین دۆلارمان بگاتە شوێنێک پەیوەندیمان باش نەبێت لەگەڵیان، ئێستا حکومەت ئەم رێگەیەی دۆزیوەتەوە بەشێوەیەک دەیهێنێتەوە کە دایناوە بە بڕی کەم بکەوێتە دەستی هاووڵاتی و بازرگانان."
 
"نۆرەگرتن لە ئاڕ تی بانک بە 15 هەزار دینار فرشراوە"
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک لەبارەی هۆکاری وەستاندنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران زیاتر قسەیکرد و گوتی: "نۆرەگرتن لە بانکەکەمان بە 15 هەزار دینار فرۆشراوە؛ ئێمە ناتوانین دەرگە بکەینەوە. رەزامەندیمان هەیە بۆ فرۆشتنی دۆلار لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش، بەڵام بەهۆی ئەوەوە کە بینیومانە ناتوانین ئەوە بکەینەوە، ئەو پڕۆژەیە هاتە هەرێمی کوردستان ئێمە ویستمان ببینە نموونەیەک بۆ عێراق."
 
هەمیلە گەردی گوتیشی: "پێدانی پارەکە لە سلێمانی هەیە و رانەگیراوە، خەڵکەکە زۆر پابەندن و هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە، ئەوانەی دەچن و بە راستی گەشتیارن و پەیوەستن بە نۆرەگرتنی خۆیانەوە و پڕۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت."
 
لەبارەی دهۆکیشەوە گوتی: "لە دهۆکیش لقمان هەیە و دەستمان پێکرد، بەڵام ئەوەی بەسەر هەولێردا هات بەسەر دهۆکیشدا هات بۆیە ئەویشمان داخست، ئێمە ئێستا تەنیا لە بەغدا و سلێمانی پارە دەدەینە گەشتیاران."
 
"سیستمەکە زۆر ئاسانە"
 
هەمیلە گەردی گوتی: "ئێستا زۆر بازرگان هەن کە لەگەڵ ئێمەدا لە پلاتفۆرمەکەدا بەشداری دەکەن و دۆلار وەردەگرن بە 1320 لە بانک. بازرگانان دەتوانن پارە وەربگرن و سیستمەکە زۆر ئاسانە، بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی دروستدەبن و ئەوانەش چارەسەر دەکرێن."
 
کەسێک بیەوێت لە رێگەی بانکەوە پارە حەواڵە بکات بەشێوەی فەرمی، ئێستا 18 رۆژ بۆ نزیکەی مانگێک دەخایێنێت. هەمیلە گەردی هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ نوێیی سیستمەکە و گوتی، دۆخەکە ئاسایی بێتەوە حەواڵەکردن بەشێوەیەکی فەرمی چوار رۆژ دەخایێنێت.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاڕ تی بانک گوتی، ئێستا حەواڵەکردنی دۆلار لە هەرێمی کوردستان و عێراق راگیراوە و هەموو بازرگانان ناچارن بۆ حەواڵەکردن رێگەی فەرمیی و بانکەکان بگرنەبەر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە