ژنێك بە كەروێشك منداڵەكانی بەخێودەكات

22-02-2017
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن كەروێشك
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ژنێكی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی شاری هەولێر، سەرقاڵی بەخێوكردنی كەروێشكی هۆڵەندییە. ئەو ژنە دەڵێت داهاتی ساڵانەی زیاتر لە 10 هەزار دۆلارە و لەو رێگەیەوە منداڵەكانی دەژیێنێ.


دڵپاك حەسەن، خانمێكی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی سەر بە شاری هەولێرە. ماوەی 10 ساڵە كەروێشك بەخێودەكات. ئەو دەڵێت "ئەگەر كەروێشك بەشێوەیەكی زانستییانە بەخێوبكرێت، قازانجی لە بەخێوكردنی مەڕ و بزن و مانگا زیاترە. خێزانێك دەتوانێت بە بەخێوكردنی 10تاوەکو 15 كەروێشك بژێویی رۆژانەی دابین بكات".

دڵپاك سەرەتا كەروێشكی خۆماڵیی بەخێودەكرد، بەڵام كاتێك بینی لە بازاڕ زۆرتر خواست لەسەر كەروێشكی ئەوروپییە، بۆیە كەروێشكە خۆماڵییەكانی بە كەروێشكی هۆڵەندی گۆڕییەوە. دڵپاك دەڵێت "پێنج ساڵ لەمەوبەر جووتێك كەروێشكی هۆڵەندیم لە دەرەوە بۆ هات. لە نەوەی ئەوان كەروێشكەكانم زیادكرد. ئێستا 12 كەرویشكی مێ و دوو كەروێشكی نێرم هەن، ساڵانە لە فرۆشتنی نەوەكانیان زیاتر لە 10 هەزار دۆلارم دەستدەكەوێ‌".

كەروێشكەكانی دڵپاك لە جۆری Holland Lopە، كە گوێیەكانیان شۆڕن و لە گوێی بەرخ دەچن. لووتیان كورتە، سەریان خڕە، تووكیان كورتە. لە تەمەنی شەش مانگیدا كێشیان دەگاتە 7 تاوەكو 9 كیلۆ.

دڵپاك حەسەن، دەڵێت "ئەگەر دوای بەچكەدانان نێرەكانیان لێ جیانەكەمەوە. هەر 28 رۆژ جارێك كەروێشكەكانم دەزێن، بەڵام بۆئەوەی زۆر هیلاك نەبن بەرنامەم بۆ داناون 40 رۆژ جارێك زاوزێ‌ بكەن. بە سكێكیش 7 تاوەكو 12 بێچوویان دەبێ. واش روویداوە بە سكێك 12 بێچوویان ببێ‌".

 لەبەرئەوەی كەروێشكەكانی دڵپاك حەسەن لەگەڵ ژینگەی كوردستان راهاتوون، رێژەی مردنیان كەمە، بۆیە لە بازاڕ خواستی زۆریان لەسەرە، هەركاتێك دڵپاك كەروێشكەكانی دەباتە بازاڕ، كڕیارەكان لێی دەئاڵێن. دڵپاك گوتی :"لە بازاڕ كڕیاری تایبەتم هەن، جووتێك بێچوو كە تەمەنیان شەش هەفتە بێ‌ بە 350 دۆلار دەفرۆشم، ئەگەر تەمەنیشیان شەش مانگ بێ،‌ ئەوە بە 1000 دۆلار دەیانفرۆشم".

دڵپاك حەسەن، دایكی سێ‌ كچ و كوڕێكە، زۆر گرنگی بە بەخێوكردنی كەروێشكەكانی دەدات، بە هاوین فێنككەرەوە و بە زستانیش زۆپایان بۆ دادەنێت. هەر كەروێشكێكیش ناوی تایبەتی لێناون.

دڵپاك حەسەن، دەڵێت "كەروێشكەكانم بوونەتە بەشێك لە خێزانەكەم، وەكو منداڵەكانم خۆشمدەوێن و گرنگییان پێدەدەم. بەردەوام ژێریان پاكدەكەمەوە و خۆراك و ئاوی پاكیان دەدەمێ. مانگانە بایی 300 هەزار دینار خۆراكیان بۆ دەكڕم، هەر كاتێكیش بزانم یەكێكیان نەخۆشە، دەرزیی لێدەدەم، ئەگەریش چاكنەبوونەوە، دەیانبەمە لای پزیشكی ڤێترنەری".

گوێ گەورەکان باشترن

ماوەی چەند ساڵێكە خواست لەسەر بەخێوكردنی كەروێشكی ئەوروپی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەت زیادبووە، ئەم خواستە وای لە كۆمپانیا و بازرگانەكان كردووە، كەروێشك هاوردە بكەن.

محەممەد قادر، لەگەڵ هاوڕێیەكی كۆمپانیایەكی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵ و پەلەوەڕیان داناوە، ئاژەڵ و پەلەوەری جوان لە بەلجیكاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن، محەممەد قادر دەڵێت" لە هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆر لەسەر كەروێشكی ئەوروپی قەبارە گەورە هەیە، مانگانە 50 تاوەكو 100 كەروێشك لە بەلجیكا دەهێنین".

ئەو كەروێشكانەی محەممەد قادر و هاوڕێكەی دەیانهێنن، لە جۆری Holland Lop وFlanderی بەلجیكی و هێرمانی ئەڵمانین. كێشیان لە تەمەنی شەش مانگیدا دەگاتە نزیكەی 12 كیلۆگرام، بەڵام لە كوردستان بە كەروێشكی گوێ گەورە یان گوێ بەرخ ناسراون.

محەممەد قادر، گوتی "بەهۆی جوانییەكەی، خەڵكێكی زۆر ئارەزوویان لەبەخێوكردنی ئەم جۆرە كەروێشكانە هەیە، بۆیە نرخەكەشی بەگوێرەی جوانی و قەبارەكەی دیاری دەكرێت. نرخی جوتێك لەو جۆرە كەروێشكانە لە نێوان 800 تاوەكو 1200 دۆلارە".

کەروێشکی هاوردە زوو دەمرن 

بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی بەریتانی بۆ كەروێشك BRC زیاتر لە 100 جۆر كەروێشكی ناسراو لەجیهاندا هەیە، بەڵام رێكخراوی ئەمەریكی بۆ كەروێشك ARBA لەسەر بنەمای قەبارە، شێوەی گوێ، جۆری موو و شێوەی جەستە و سەری خێزانەكانی كەروێشكی دابەشی سەر 50 جۆر كردووە. لەو ژمارەیەش هەشت جۆریان لەو جۆرانەن كە سوودی ئابوورییان هەیە.

دكتۆر ناجح گوڵپی، پزیشكی  ڤێترنەری راوێژكار، بەرپرسی هۆبەی ڤێترنەری ناحیەی سیروان و شارەزا لە بەخێوكردن و جۆرەكانی كەروێشك، دەڵێت "گەورەترین كەروێشك لە جیهاندا كەروێشكی فلاندەری بەلجیكییە، كە بە سرووشتی خۆی كێشی دەگاتە 12 كیلۆ، بەڵام وڵاتانی هۆڵەندا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لەڕێگەی لێكدان و تەهجینكردنی ئەم كەروێشكە لەگەڵ كەروێشكی دیكە، توانیویانە كەروێشكی جیاواز بە كێشی گەورە بەرهەم بهێنن، بۆیە سەرجەم ئەو كەروێشكە گەورانەی لەجیهاندا هەن لە نەوەی فلاندەری بەلجیكین".

كەروێشك زۆر هەستیارە بۆ نەخۆشی و بۆیە بەخێوكردنی پێویستی بە گرنگیپێدانی تایبەت و چاودێریی زۆر ورد و خۆراكی تەندروست هەیە. بەشێوەیەكی گشتی كەروێشك پێویستی بە كەش و هەوایەكی مامناوەند هەیە و بەرگەی ساردیی 4 پلە لەژێر سفری سەدی و 50 پلەی گەرمی دەگرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆربەی ئەو كەروێشكانەی لە دەرەوە دەهێندرێن زوو دەمرن.

دكتۆر ناجح گوڵپی، دەڵێت "شێوازی بەخێوكردنی كەروێشك لە كوردستان نازانستییە، گوێنەدان بە كوتانی كەروێشك، دابیننەكردنی خۆراكی تەندروست بۆیان، هۆكاری سەرەكی مردنی ئەو كەروێشكانەیە".

لە گوێرەكە و بەرخ باشترە

دكتۆر ناجح گوڵپی، پزیشكی ڤێترنەری دەڵێت بەخێوكردنی كەورێشك بۆ گۆشت، زۆر ئابوورییانەترە لە بەخێوكردنی بەرخ و گوێرەكە، چونكە بەخێوكردنی ئاسانە، تێچووی كەمە. لە ساڵێكیشدا 8 جار زاوزێ دەكات، 20- 25 بەرامبەر بەكێشی خۆی، گۆشت دەدات، ئەگەر بەراورد بكرێ‌ بە گوێرەكە و بەرخ، سوودی ئابووری زیاترە. گوتیشی "گۆشتی كەروێشك زۆر دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و بەرهەمە خۆراكییەكان، هیچی كەمتر نییە لە گۆشتی بەرخ و گۆڵك".

لە ساڵێکدا 8 جار دەزێت

كەروێشك لە خێزانی ئاژەڵە شیردەرەكانە. لە بنەڕەتدا ئاژەڵێكی كێوی بووە، مرۆڤ  لەبەر جوانییەكەی و هەروەها سوودوەرگرتن لە گۆشت و فەرووەكەی، ماڵیی كردووە.

كەروێشك بەهۆی توانای فرە زاوزێیی، لە ئاژەڵە شیردەرەكانی دیكە جیا دەكرێتەوە، ساڵانە 6 تاوەكو 8 جار دەزێت. ماوەی دووگیانییەكەی 28 تاوەكو 34 رۆژە. بە سكێك 3- 12 بێچووی دەبێ‌، هەندێكجاریش تاوەكو 20 بێچووی دەبێ‌. دوای 10 كاژێر لە دانانی بێچوەكانی، دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و ئامادە دەبێت بۆ جووتبوون.

زێدی رەسەنی كەروێشك باكووری كیشوەری ئاسیایە، دوای سەدەی 16 بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. بەهۆی سوودە ئابوورییەكەشی ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا گرنگی بە خێوكردنی دەدرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بازرگانی بەو ئاژەڵە لە هەوڵی تاكە كەسییە و هیچ پرۆژەیەكی تایبەت بە بەخێوكردنی كەروێشك نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە