دیوانی چاودێریی دارایی عێراق: وردبینیی لیستی فەرمانبەرانی کوردستانمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران

22-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاند وردبینییان لە لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و ئەنجامەکانییان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناردووە. ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "لیستی هەموو مووچەخۆران لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیکراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەکاتی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە لیستەکە پشتپێبەستراو دەبێت. 
 
عەمار سەباح مەشهەدانی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی عێراق (واع)ـی گوتووە: "وردبینیمان لە لیست و ناوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە، کارەکەشمان لەماوەی 30 رۆژ تەواوکرد و ئەنجامەکانمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە."
 
ئەو قسانە مەشهەدانی لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییەوە، هەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی ناوەندی یان بە جیا بنێردرێت بەدەر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو حکومەت هێشتا فەرمانبەرانی کوردستان مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری 2023یان وەرنەگرتووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوورى، پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق، بە رووداوی گوت: "کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و وردبینییان لە لیستی مووچەخۆران بە فەرمانبەران و خانەنیشنان و خاوەن پێداویستی تایبەت و سەرجەم لیستەکانی کردووە. ئەو لێژنەیە سەردانی چەند شوێنێکیان کرد و چوونە ژمارەیەک دەزگا و نموونەیان وەرگرت و لیستە ئامادەیە." 
 
وەزارەتى دارایی عێراق لە 16ـی کانوونى دووەمى 2024 نووسراوێکی ئاڕاستەى دامەزراوەکانى عێراق کرد و وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانیشی تێدایە و داواى لیستى مووچەى فەرمانبەرانى کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دراونەتە رووداو، ئەو لیستە پشتپێبەستراو دەبێت، ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوە بدرێت و هەردوولا رێکبکەون بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە جیا بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، سەرچاوەکە گوتیشی: "بەغدا لیستی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی کوردستانیشی لەلایە و کەی بیەوێت مووچە بدات دەتوانێت پشت بەو لیستە ببەستێت."
 
سۆران عومەر، لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد پێدانی قەرزی 700 ملیار دینار بۆ چەند مانگێکی ساڵی 2023 بەو مەرجە بووە کە دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی لە لیستی مووچەخۆراندا بکات.
 
بە گوێرەى بڕگەى دووى مادەى 11ـی یاساى بودجەى گشتی، پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67٪ـى خەرجى راستەقینە دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى. ئەو بڕگەیە وایکردووە کە پشکى هەرێمى کوردستان کەم ببێتەوە، بەڵام بە جیاکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران لە بوجەى راستەقینە و خستنیە نێو خەرجى حاکیمە وەک چارەسەرێک بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە هەموارى یاساى بودجە جێگەى دەکرێتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە