رووداو دیجیتاڵ
بە کرانەوەی بازاڕە داراییەکان، لیرەی تورکی داتەپینێکی نوێی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە تۆمار کرد؛ ئێستا یەک دۆلار بە لانیکەم 30.23 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
زیاتر لە شەش مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 10%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2024 لەگەڵ کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 30.23 لیرە مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بۆ 30.21 لیرە دابەزی. بەمەش لیرەی تورکی داتەپینێکی نوێی تۆمار کرد.
هاوکات، ئەم بەیانییە یەک یۆرۆ بە 32.98 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینی بە 37.96 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاری 2023دا، یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2023 رێژەی سوودی بانکی لە 40% بۆ 42.5% بەرزکردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی 2022 چوار جار لەسەریەک سوودی بانکیی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی 2023دا سوودی بانکی لە 9% بۆ 8.5% کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ