رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی لە 40٪ بۆ 42.50٪ بەرزکردەوە و جەختی لەوەکردەوە ئامانج لەم بڕیارانە جێگیرکردنی بەهای لیرە و کەمکردنەوەی هەڵاوسانە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە و بڕیاریدا بە زیادکردنی 250 خاڵ، بەمەش سوودی بانکی بۆ 42.50٪ بەرزکرایەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیدا، کە لە 22ـی تشرینی دووەمی 2023 ئەنجامیدا، سوودی بانکی لە 35٪ بۆ 40٪ بەرزکردەوە.
زیادکردنی رێژەکە بەگوێرەی چاوەڕوانی ئابووریناسان نەبوو کە پێشبینییان دەکرد لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سوودی بانکی 250 خاڵی دیکە زیاد بکرێت و بۆ 45٪ بەرزبکرێتەوە. جەخت لەوەشکرایەوە، بانکی ناوەندیی کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە و دەتوانێت کەی ویستی هەبێت بەگوێرەی پێویستیی بازاڕ، سوودی بانکی کەم و زیاد بکات.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19 لیرە و 60 قرووش مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەمموزی 2023 رێژەی سوودی بانکی بە زیادکردنی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 15٪ بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە زیادکردنی 750 خاڵی بنەڕەتی رێژەی سوودی گەیاندە 25٪ و لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلولدا رێژەکەی بۆ 30٪ و لە تشرینی یەکەمدا بۆ 35٪ بەرزکردەوە. بە زیادکردنی 500 خاڵی دیکە لە کۆبوونەوەکەی مانگی تشرینی دووەمدا رێژەکەی گەیاندە 40٪ و ئەمڕۆش رێژەکەی بە زیادکردنی 250 خاڵی دیکە گەیاندە 42.50٪.
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەم ساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ