باشووری کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەمی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی تورکیان


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، هاووڵاتییانی رووسیا، ئێران و عێراق پێشەنگی کڕیارانی یەکەی نیشتەجێبوونن لە باکووری کوردستان و تورکیا. 
 
دامەزراوەی ئاماری تورکیا ئەم هەفتەیە راپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی 2022ی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە فرۆشی یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن کڕیارانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە. بەپێی راپۆرتەکە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا 117 هەزار و 806 یەکەی نیشتەجێبوون لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشراون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو 34.1٪ دابەزیوە.
 
16.7٪ی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە لە ئیستەنبووڵ بووە کە 19 هەزار و 687 یەکەیە و بەوجۆرە ئیستەنبووڵ پێشەنگی 81 پارێزگاکەی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووە. هەروەها لە ئەنقەرە 9 هەزار و 367 یەکەی نیشتەجیبوون فرۆشراون کە دەکاتە 8٪ی یەکە فرۆشراوەکان. ئەنتالیا پلەی سێیەمی گرتووە بە فرۆشی 6.7٪ و لەو پارێزگایەدا 7 هەزار و 902 یەکەی نیشتەجێبوون فرۆشراون. ئەوە لەکاتێکدایە کەمترین یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان فرۆشراون. لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە جۆلەمێرگ تەنیا 34 یەکەی نیشتەجێبوون فرۆشراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیادا 6 هەزار و 83 یەکەی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتییانی بیانی فرۆشراون کە دەکاتە رێژەی 5.2٪ی کۆی گشتیی فرۆشی وڵاتەکە لەو مانگەدا. لە فرۆشی یەکەی نیشتەجیبوون بە هاووڵاتییانی بیانیدا، ئەنتاڵیا پلەی یەکەمی گرتووە بە فرۆشتنی دوو هەزار و 616 یەکە. هەروەها ئیستەنبووڵ بە فرۆشتنی هەزار و 733 یەکە و مێرسین بە 567 یەکە پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
 
رووسیاییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و 575 یەکەی نیشتەجێبوونیان لە باکووری کوردستان و تورکیا کڕیوە و پێشەنگن. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پلەی دووەمیان بە کڕینی 510 یەکەی نیشتەجێبوون گرتووە. هاووڵاتییانی عێراق و هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان بە کڕینی 331 یەکەی نیشتەجێبوون لە مانگێکدا ریزبەندی سێیەمیان لە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی باکووری کوردستان و تورکیادا گرتووە. ئۆکراینییەکان پلەی چوارەمن و لە مانگی رابردوودا 277 یەکەیان کڕیوە.