خێرخواز و رێكخراوەكان 1350 قوتابخانەیان نۆژەن كردوونەتەوە
رووداو - هەولێر
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، سێ ساڵە حكومەت نەیتوانیوە بودجە بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانە دابین بكات، بەو هۆیەوە 350 پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانە وەستاون، بە هەزاران قوتابخانەش پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، ئەمەش وەزارەتی پەروەردەی ناچار كردووە داوا لە دایك و باوكی قوتابیان بكات بۆ هەڵمەتی نیشتمانی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان هاوكارییان بكەن.
بەهۆی زیادبوونی ساڵانەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، هەر ساڵێك نزیكەی 100 هەزار قوتابی تازە لە باخچەی منداڵان و قۆناغی یەكی بنەڕەتی دێنە نێو پرۆسەی خوێندنەوە، بۆیە لە حاڵەتی ئاساییدا، وەزارەتی پەروەدە ساڵانە پێویستی بە دروستكردنی 200 تاوەكو 300 قوتابخانەی تازە هەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ملیۆنێك و 800 هەزار قوتابی لە قۆناغی باخچەی منداڵان تاوەكو ئامادەیی، لە نزیكەی 7000 باڵەخانەدا دەخوێنن. شۆڕش غەفووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بە (رووداو)ی گوت: "لەكۆی ئەو 6799 قوتابخانە حكومیانەی هەن، 189 قوتابخانەیان لەكرێدان و 2006 قوتابخانە دوو دەوام و 150 قوتابخانەش سێ دەوامیان تێدا دەكرێ".
بە گوتەی شۆڕش غەفووری، بەهۆی دابیننەكردنی بودجەوە، پرۆژەی دروستكردنی 350 قوتابخانە وەستاون و بە هەزاران قوتابخانەش پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
بەپێی پلانێك وەزارەتی پەروەردە تاوەكو ساڵی 2022 پێویستی بە دروستكردنی 3098 قوتابخانە هەیە. شۆڕش غەفووری، دەڵێت "ئامانجی وەزارەت لەم پلانە 5 ساڵییەدا، رزگابوونە لە قوتابخانەی قوڕ و كابینە لە گوندەكان و نەهێشتنی دوو دەوامی و سێ دەوامی و كەمكردنەوەی ژمارەی قوتابیانە لە پۆڵەكانی خوێندن، بۆ نمونە ئەمساڵ پێویستمان بە دروستكردنی نزیكەی 620 قوتابخانەی تازە هەیە ".
شۆڕش غەفووری، گوتی "لەسێ ساڵ رابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی حكومەت نەیتوانیوە بودجە پێویست بۆ نۆژەنكردنەوە قوتابخانەكان دابین بكات، بۆیە لەساڵی 2014 هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بەهاوكاری رێكخراوەكان و ئەنجومەنی دایك و باوكان لە قوتابخانەكان دەستی پێكردووە، بەهۆیەوە 1350 قوتابخانە نۆژەنكراونەتەوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، خاوەنی زیاتر لە 1700 قوتابخانەیە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابی و فراوانبوونی شارە و شارۆچكەكان، پێویستی بەدروستكردنی نزیكە 400 قوتابخانە هەیە و ساڵانەش پێویستی نۆژەنكردنەوەی نزیكەی 350 تاوەكو 400 قوتابخانە هەیە.
بڵند یاسین، بەڕێوەبەری بیناسازی لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر دەڵێت "لەنێوانی ساڵانی 2006 تاوەكو 2013 لەرێگەی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە و پەرەپێدانی پارێزگاو رێكخراوەكان نزیكە 650 قوتابخانەمان دروستكردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە یەكسان نەبووە لەگەڵ پێویستیی پەروەردەكان بە دروستكردنی قوتابخانە، بۆیە ئێستا پێویستمان بە نزیكەی 400 قوتابخانەی دیكە هەیە".
بە گوتەی بڵند یاسین لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا تەنیا یەك قوتابخانە لە گەڕەكی كوڕانی هەولێر دروستكراوە، ئەویش لەرێگەی كۆمپانیایەك بووە، لە چەند قوتابخانەیەكیش پۆل بەكابینە و ساندویچ پەنەڵ زیادكراون، دوو قوتابخانەی دیكەش بەساندویچ پەناڵ لەلایەن رێكخراو و كۆمپانیاكان دروستكراون.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، 70 پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانە لەسنوری 11 پەوەردەكەی هەولێر وەستاون. بڵند یاسین دەڵێت "لە زۆربەی گەڕەكە نوێیەكان پێویستمان بە قوتابخانە هەیە، تەنیا لەنێو سەنتەری شار پێویستمان بە دروستكردن 50 قوتابخانە هەیە. بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابی لە قوتابخانەكان كە لەهەندێ قوتابخانە ژمارەیان لەپۆلێكدا لە 50 قوتابی تێپەربووە، پێویستمان بە فراوانكردنی 300 تاوەكو 350 قوتابخانە هەیە".
ئامادەی شۆرشی كچان، یەكێكە لە قوتابخانانەی ژمارەی قوتابی لەهەندێ پۆل لە60 قوتابی تێپەریوە، ئەم ئامادەیە لە ساڵی 1971 دروستكراوە و تاوەكو ئێستا دووجار نۆژەنكراوەتەوە، 920 قوتابی بە دوو دەوام لە 10 پۆل دەخوێنن.
ساكار سوار جەلال، یاریدەدەری بەرێوەبەری ئامادەیی شۆرشی كچان دەڵێت "لە دوو ساڵی رابردوو ژمارەیەكی زۆر قوتابی بەهۆی ناوبانگی قوتابخانەكەمان، روویان لە قوتابخانەكەمان كردووە، بۆیە ژمارەی قوتابیان لە قۆناخی 10 لەپۆڵێكدا لە 60 قوتابی تێپەریوە، لە قۆناخی 11 هیچ پۆلێك لە 50 قوتابی كەمتری تێدا نییە".
ساكار سوار، گوتی "قوتابخانەكەمان رووبەرێكی فراوانی هەیە، بەڵام تەنیا 10 پۆڵی تێدا دروستكراوە، ئێستا ژمارەی قوتابی لەپۆلەكانمان كەمببێتەوە پێویستمان بە دروستكردنی 6 پۆلی دیكە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندینجار داوامان لەبەرپرسانی پەروەردە كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تائێستا هیچ پۆلێكیان بۆ دروست نەكردووین".
پارێزگای سلێمانیش هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە بەدەست كەمی بیانی قوتابخانە و زۆری ژمارەی قوتابی دەناڵێنێ. بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دراوتە (رووداو) 1733 باڵەخانەی قوتابخانەی هەیە، لەم ژمارەیە 300 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنكرنەوە هەیە، 250 قوتابخانەشیان پێویستیان بەزیادكردنی پۆڵ هەیە، هەروەها 34 قوتابخانەش بەهۆی قەیرانی دارایی و دابیننەكردنی بودجە، كاریان تێدا ناكرێ.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت" بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابی و فراوانبوونی شار و شارۆچكەكان، پێویستمان بە دروستكردنی 400 قوتابخانە هەیە".
دڵشاد عومەر دەڵێت تاوەكو سەرەتای ساڵی 2015 بە دەگمەن قوتابخانەیەكی سلێمانی سێ دەوامی تێدا دەكرا، دوو دەوامیش زۆر كەمبوو، بەڵام بەهۆی دروستنەكردنی قوتابخانە و نۆژەننەكردنەوە و فراوان نەكردنی قوتابخانەكان خەریكە سێ دەوامی دەبێتە شتێكی ئاسایی.
دڵشاد عومەر ئاماژەی بەوەدا ئەوان چەند پلانێكیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كەمی باڵەخانەی قوتابخانە. باسی یەكێك لەو پلانانە دەكات و دەڵێت "بۆ نمونە ئێمە لە سلێمانی هەندێ قوتابخانەمان هەیە شوێنەكەی بووەتە بازرگانی، بەهۆی كۆنی بیناكەی خوێندن تێیدا وەستاوە، ئەگەر حكومەت رازی بێ دەتوانین بیكەین بە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبیل و داهاتەكەیش بگەڕێتەوە بۆ پەروەردە، ئەو كات دەتوانین بەو داهاتە چەندین قوتابخانە نۆژەن بكەینەوە".
بوومەلەرزەكە 20 قوتابخانەی چۆڵكرد
بەهۆی ئەو بوومەلەرزەكەی لەمانگی رابردوو، 156 قوتابخانە لە سنووری پەروەردەكانی پارێزگای سلێمانی زیانیان بەركەوتووە، 20 لەوانەش بەهۆی زۆری ئەو زیانەی بەریانكەوتووە، چۆڵكراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی پەروەدە دراوەتە (رووداو) كەوتووە حكومەتی عێراق بڕیاریداوە 4 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانە تەرخان بكات.