رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-11-2024) نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 2660 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
(کایل رۆدا)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەپیتاڵ دۆت کۆم) رایگەیاند، "توندبوونەوەی شەڕی ئۆکراینا و ترس لە گەورەبوونی شەڕەکە و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە، نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە."
ئۆکراینا رۆژی چوارشەممە زنجیرەیەک مووشەکی کرووزی بەریتانی (بریتیش ستۆرم شادۆ)ـی بەکارهێنا و هێرشی کردە سەر خاکی رووسیا. ئەو جۆرە مووشەکانە، نوێترین چەکی رۆژئاواییە لەدوای مووشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکا کە سەرەتای هەفتە بەکاری هێنا.
رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە ئەگەر هاتوو هێرشێکی تووند و بەرفراوانی ئاسمانی بکرێتە سەری.
بەرزبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان هاوکات لەگەڵ نادڵنیاییە ئابوورییەکان و ئەگەرەکانی دابەزاندنی زیاتری رێژەی سوودی بانکی، بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
رۆژی پێنجشەممە، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە بەڕێژەی 0.1٪ دابەزی، ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ