لە چەند کاژێرێکدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

بۆ ماوەی سێ هەفتەیە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دادەبەزێت، ئەوەش بووە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ، ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-9-2023) بە تەنیا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 20 دۆلار لە 1973 دۆلارەوە بۆ 1993 دۆلار بەرزبووەوە.
 
بازرگانانی زێڕ پێیانوایە؛ بانکی ناوەندیی ئەمریکا چیدیکە بڕیار لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نادات، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ لاوازبوونی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا.
 
ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی خۆیدا سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، بەهای دۆلاری ئەمریکی بە ئەگەری زۆرەوە بەردەوام دەبێت لە دابەزین.
 
داتا ئابوورییەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا سەبارەت بە هەلی کاری نوێ و هەڵاوسان، ئاماژە بەوە دەکەن؛ هەڵاوسان لە ئەمریکا بەهۆی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا روویان لە دابەزین کردووەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆربەی بازرگانان بەدووری بزانن لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەمساڵی بانکی ناوەندی ئەمریکادا، سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
 
هارێش مێنگەنی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێف ئێکس ستری پێیوایە؛ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 1993 دۆلار، رێگەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی بۆ 2000 دۆلار خۆش کردووە و، ئەگەر کڕیارانی زێڕ پێداگرن بن لە پاراستنی ئەو ئاستە، ئەوا نرخی زێڕ تەنانەت بۆ ئاستی 2010 دۆلاریش بەرزدەبێتەوە.