رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی بۆ نزمترین ئاستی لە دوو مانگی رابردوودا.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 1 دۆلار دابەزی و بە 86 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 86 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساسی ئەمریکا بۆ دووەمین هەفتە دەڕوات کە ئاراستەی دابەزینیان بەخۆیانەوە گرتووە و لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 10٪ بەهای خۆیان لەدەستداوە.
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، پڕبوونی کۆگاکانی پاڵاوگەکانی ئەوروپایە.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بەکۆمپانیای راوێژکاری (RBC کەپیتاڵ) رایگەیاند، "جگە لەوەی کە نیگەرانییەکانی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا رەوانەتەوە، هاوکات بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان نیگەران بن لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان."
نرخی ئۆنسەیە زێڕ بۆ نزیکەی 1747 دۆلار دابەزی
نرخی زێڕ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رووی لە دابەزین کرد و بەرزبوونەوەی دووبارەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمرۆ دووشەممە نزیکەی 7 دۆلار دابەزی و بە 1747 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە سەبارەت بە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەو وڵاتە و زیاتر بەرچاوی بازرگانان لەو بارەیەوە روونبکاتەوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان و پابەندیشە بەوەی کە دواجار رێژەی هەڵاوسان بگەیێنێتە ئاستی 2٪، بەو هۆیەشەوە بازرگانان پێشبینی دەکەن لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
لەلایەکی دیکەوە بۆ یەکەمجار لەدوای مانگی 5ی ئەمساڵەوە 3 کەس لە چین بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 26 هەزار تووشبوو.
بەپێی شرۆڤەکاران، داخرانی بازاڕەکانی چین دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ کاڵا و کانزاکان بە تایبەت کانزای زێڕ کەمبێتەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی زێڕ داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ