وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: جووتیارانی سلێمانی بچن پارەکانیان وەربگرن

 
 
رووداو – سلێمانی

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت،  ئەمڕۆ پێنجشەممە پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت و بەمنزیکانە پارەی جووتیارانی هەولێر و دهۆکیش خەرجدەکرێت.
 
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕی ئەو پارەیەی بۆ جووتیارانی سلێمانی خەرجدەکرێت 20 ملیار دینارە". 
 
لە بارەی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، نەوزاد ئەدهەم دەڵێت "بڕیار وایه‌ بەمنزیکانە چوار ملیار دیناری جووتیاران بۆ هەولێر و چوار ملیاری دیناری دیكه‌ش بۆ جووتیارانی دهۆک خەرجبکرێت".
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی گوت، با جووتیارانی سلێمانی سەردانی سایلۆ بکەن و پارەی ئەو گەنمە وەربگرن ئەمساڵ رادەستی سایلۆیان کردووە.
 
بە گوتەی نەوزاد ئەدهەم بە دابەشکردنی ئەو 28 ملیار دینارە تەواوی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی کوردستان بۆ ساڵی 2019 تەواو دەبێت کە بڕەکەی 186 ملیار دینار بوو.