نرخی نەوت دوای ئازادکردنی دوو بارمتەی ئەمریکی دابەزی و زێڕ نزیک بووەوە لە 2000 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، دوای ئازادکردنی دوو بارمتەی ئەمریکی لەلایەن ‌هێزەکانی حەماسەوە، نرخی نەوت دابەزی و نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بە 1981 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی هەینی نرخی نەوت 22 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 92 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساس 62 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 88 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هێزەکانی حەماس دوێنێ دایک و کچێکی ئەمریکییان ئازادکردن، کە بە بارمتە گرتبوویانن، ئەوەش هیوایەکی دروستکردووە بەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر پەرەنەسێنێت بۆ شەڕێکی گەورەتری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (پرایس فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەواڵی ئازادکردنی دوو بارمتەی ئەمریکی مەترسییەکانی نێو بازاڕی نەوتی کەم کردەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە زیاتر روونیکردەوە؛ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا هیوایەکی کەم هەبوو لەسەری ئەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێندە پەرەنەستێنێت ''و، لە کۆتایی بازاڕدا گەشبینییەک لەو بارەیەوە دروستبووە."
 
لە ناوەڕاستی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار بەرزبووبووە بۆ 93 دۆلار و 77 سەنت.
 
جۆن کیڵدۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری ئێگەین کاپیتاڵ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات؛ لە هەر فاکتەرێکی دیکە زیاتر کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت دادەنێت و ئەگەر شەڕەکە بەرفراوانتر بێت، نیگەرانی دروستدەبێت لە پچرانی دابینکاری نەوت."
 
کیڵدۆف پێیوایە، هەرچەندە نیگەرانییەکان بە تەواوەتی کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام ئێستا فراوانبوونی شەڕەکە ئەگەرێکی لاوازە.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 2000 دۆلار نزیکبووەوە 
 
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ، رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە 1981 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام چەند کاژێرێک پێش داخستنی بازاڕ، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1997 دۆلار و بەو پێیەش نزیکبووەوە لە ئاستی هەستیاری 2000 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا.
 
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل خواستی لەسەر کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە.
 
کرەیک ئێرلەم، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، ''نادڵنیاییەکان و بێ متمانەیی بازرگانان لە بازاڕەکانی دیکە، وایکردووە روو لە کڕینی زێڕ بکەن و وەک سامانێکی سەلامەت لە کاتی نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ و شەڕدا."
 
بەپێی ئێرلەم، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوودڵە لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەوپێیەش ئەو هۆکارە پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.