سوودانی پێشبینی دەکات نرخی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 100 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار، هیواخوازیشە نرخی نەوت بۆ خوار 85 دۆلار دانەبەزێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلوومبێرگ رایگەیاند، نیگەران نین لەوەی نرخی نەوت بەرەو 100 دۆلار بڕوات و عێراق خوازیارە نرخی نەوت لە ئاستێکدا بێت، کە بەرژەوەندیی وڵاتانی بەرهەمهێنەر بپاریزێت و ئەوان وەک عێراق پێیان باشە نرخی نەوت لەنێوان 85 تاوەکو 95 دۆلاردا بێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاند، سەرەرای ئەوە پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزببێتەوە، هۆکارەکەشی بەتەنیا ئەوە نییە کە سعودیە و رووسیا بەردەوامن لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی خستنەڕووی نەوت، بەڵکو عێراقیش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی ئۆپێک پڵەسدا خۆبەخشانە بەردەوامە لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت.
 
نرخی نەوتی برێنت رۆژی پێنجشەممە تاوەکو نزیکەی 96 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دوای وتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ کەمتر لە 93 دۆلار دابەزی.
 
عێراق ئێستا رۆژانە سەرووی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێن لە رێگەی مۆڵەتە نوێیەکانەوە کە بەخشیوویانە بە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان، توانای بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو چەند ساڵی دیکە بۆ 6 ملیۆن بەرمیل بەرزدەکەنەوە.
 
سعودیە و رووسیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسدا بڕیاریانداوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 1 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر بخەنەڕوو.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، بڕیاری ئەو دوو ولاتە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 95 دۆلار.