نرخی زێڕ دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنتیش گەیشتە خوارووی 93 دۆلار

21-09-2023
نیشانەکردن نرخی زێڕ نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ بەردەوام بوو لە دابەزینی رۆژی رابردووی خۆی کە بە گەورەترین دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا هەژماردەکرێت، نرخی زێڕیش هەروەها لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
سەرەڕای ئەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کەمبووەتەوە، بەڵام لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر ئەوەی؛ بانکەکە هێشتا کاری زۆری ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵاوسان لەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکات، بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت، کاڵا و کانزاکان.
 
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-9-2023) یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 67 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 71 سەنت دابەزی و بە 88 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاری ING لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان سەبارەت بە نرخی نەوت رایانگەیاند، "هەرچەندە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەرزنەکردەوە لەدوای کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی لیژنەی سیاسەتی بازاڕی ئازادی بانکەکە، بەڵام هەڵوێستی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ئەگەری زۆرەوە زیانی گەورە لە ئابووری دەدات و بەوپێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە."
 
دابەزینی نرخی نەوت، سەرەڕای ئەوە دێت کە بەپێی ئامارەکانی کارگێڕیی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لە قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا 2.14 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 1928 دۆلار دابەزی
 
سەرەڕای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوودا سوودی بانکی بەرزنەکردەوە، بەڵام لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر هەڵاوسان، بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بەدواوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش نرخی زێڕی دابەزاند.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1930 دۆلارەوە بۆ 1923 دۆلار دابەزی، بەڵام دوای چەند کاژێرێک، کەمێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر، هەر ئۆنسەیەکی لە نزیکەی 1928 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بانکی ناوەندی ئەمریکا هەروەها پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی ئەمریکا لەمساڵدا دووهێندە بەرزکردووەتەوە بۆ 2.1٪ ئەم رێژەیەش لەکاتێکدایە؛ بانکەکە لە مانگی تەممووزدا پێشبینیی کردبوو ئابووریی ئەمریکا بەڕێژەی 1٪ لەمساڵدا گەشەدەکات.
 
بەردەوامیی گەشەی ئابووریی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، ئەوەش بەپێی بازرگانان بانکی ناوەندیی ئەمریکا هاندەدات بۆ ماوەیەکی درێژ، سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.