رووداو- راپەڕین
چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان جوتیاران گرنگی بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەنێو خانووی پلاستیکی دەدەن، لە دەڤەری راپەڕین بە سەدان خانووی پلاستیکی هەن، بەڵام بەشێکی ئەم خانووانە لە بەرهەمهێنان وەستێنراون.
شارەزایەکی بواری کشتوکاڵی دەڵێت، ئاسۆی خانووی پلاستیکی روونە و ئەگەر بە باشی سەرپەرشتی بکرێت و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێت، بەرەو پێش دەروات، بەڵام جوتیاران رێنماییە کشتوکاڵییەکان پەیڕەو ناکەن، ئەمەش بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان توشی گرفت دەکات.
لە سنوری راپەرین 315 خانووی پلاستیکی لە لایەن جوتیارانەوە بە بەرهەمی خەیار دادەچێندرێن و ساڵانە نزیکەی 4 هەزار تەن خەیار بەرهەمدەهێنن، جوتیارانی راپەرین دەڵێن، ئەگەر هاوکاری بکرێین دەتوانین بەرهەمی خەیار هاوردەی دەرەوەی کوردستان بکەین.
سەردار قادر، جوتیار، دەڵێت "200 خانووی پلاستیکی هەیە، لەوانەیە 150ـی بەرهەمی هەبێت، لەبەرئەوەی نایلۆن و تۆ و پەین گرانە و ناکڕێن" .
وشیار محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی خانووە پلاستیکییەکان لە راپەڕین دەڵێت، "راستی حکومەت چەندجارێک هاوکاری کردووین لە رووی پەینەوە، بەڵام زۆر باش نییە، کە بەرهەمەکەمان ئەوەندە باشە هی تۆیەکەیە و ئەگەر هاوکاری بکرێین دەتوانین بەشی ناوخۆ بەرهەمبهێنین و بشینێرینە دەرەوە".
ساڵح حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی رانیە دەڵێت، "ئێمە سەردانیان دەکەین، رێنماییان دەکەین و هەر کاتیش پەین بێت، بەسەر جوتیارەکان دابەشی دەکەین و پشتگیری دەکەین بەوەی بەرهەمی دەرکی نەیەت بۆ ئەوەی پارە بکات".
هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوە، بە بازاڕکردن و کەمی نرخ و پێنەدانی گاز، گرفتی ئەو جوتیارانەن، کە کشتوکاڵ لە خانووی پلاستیکیدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ