راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق: ئەمریکا 50٪ـی بانکەکانی عێراقی لە دۆلار بێبەشکردووە


رووداو دیجیتاڵ

کۆتایی ئەم مانگە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات. راوێژکاری کاروباری دارایی سوودانی دەڵێت، "ئەمریکا 50٪ـی بانکە تایبەتەکانی عێراقی لە پێدانی دۆلار بێبەش کردووە. شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو بانکانە دەکات، چونکە بانکەکانی عێراق شایستەی ئەو سزا قورسە نین".
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری کاروباری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانی شاندەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی ساڵی 2008ـە کە لایەنی ئابووری، دارایی و بانکیش لەخۆدەگرێت. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتیشی، سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی رێکخستنەوەی داهاتی کەرتی نەوت و یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق.
 
پارەی فرۆشی نەوتی عێراق بە دۆلار لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە هەژمارێک بە ناوی بانکی ناوەندیی عێراق دادەنرێت، بەڵام ئەمریکا ئێستا 32 بانکی تایبەتی لە عێراق سزاداوە بە بێبەشکردنیان لە پێدانی دۆلار. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، 50٪ـی بانکە تایبەتەکانی عێراق بێبەشکراون لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی بانکیی عێراق هەیە. گوتیشی، هەوڵەکان بۆ ئەوەن لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو بانکانە بکرێت.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی، بانکەکانی عێراق شایستەی ئەو سزا گەورە و قورسە نین.