وەزارەتی دارایی: 31 رۆژە لیستی مووچەمان ناردووە و بەغدا ملیارێک و 426 ملیۆنی خەرج کردووە

21-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 31 رۆژە لیستی مووچەیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، بەڵام بەغدا تەنیا ملیارێک و 426 ملیۆن دیناری خەرج کردووە کە دەکاتە 00.14٪ـی کۆی گشتیی مووچەخۆران.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئەوان نین و بە چەند خاڵێک روونی کردووەتەوە. هەروەها باسی هۆکاری زیادبوونی مووچەی مانگی تەممووز دەکات بەراورد بە مانگی ئایار.
 
لە روونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی دەڵێت، بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان "هەڵمەتێکی ناڕەوایان" دەستیپێکردووە و "دەیانەوێت هۆکاری دواکەوتنی مووچە بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
لەبارەی دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆران لەنێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی دەڵێت: "دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سوودمەندن لە هاوکاریی چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لە جیاتی راگرتنی مووچە، پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکارییەکە لای خۆیان رابگرن نەک مووچە."
 
هەروەها رایگەیاندووە، "پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردوولاوە لێپێچینەوەی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بوونی مووچە و هاوکاری لە یەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دووبارەبوونەوە هەبێت، راستتر وابوو هاوکارییەکە رابگیرێت نەک مووچە لە بەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە."
 
لەبارەی کێشەی نەبوونی بایۆمەتریشەوە، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، "پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری 100٪ بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بە هەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە: بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی دیکەیشیان لە دەرەوەی وڵات دەژین.  
 
پەیامی وەزارەتی دارایی بۆ حکومەتی عێراق ئەوەیە، هەر کەسێک بایۆمەتری نەبوو، مانای ئەوە نییە کە مووچەخۆر نییە. 
 
پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە بەغداوە دەدرێت زیاتر لە 950 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەى کە لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى تەممووز نێردراوە، 54 ملیار دیناری لە مانگەکانی پێشوو زیاترە، واتە کۆی پارەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە. زیادەکەش جیاوازى مووچەى خانەنشینانە دوای ناردنی لیستی مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.
 
وەزارەتی دارایی لەبارەی زیادبوونی تەمویلی مووچە لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2024 نووسیویەتی، "بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە کە بڕەکەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە."
 
هەر لە روونکردنەوەکەیدا لەسەر ئەو پرسە، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، "ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی تەممووز لاببەی، تەمویلی داواکراو نزیکەی 956 ملیار و 876 ملیۆن دینار دەمێنێتەوە، ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی رابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە. 

 

وەزارەتەکە داوا لە بەغدا دەکات کە هاوکار و هاوئاهەنگ بێت لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی کەم لەو کێشە هونەرییانەی تائێستا لەنێوانیاندا چارەسەرنەکراوە، نەک "مامەڵەی خراپ" بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.  

بەپێی وەزارەتی دارایی بێت، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ملیار و 426 ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ مووچە خەرجکراوە و کە بۆ مووچەی دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی نەزاهە و دەستیە ژینگەن. ئەوەش دەکاتە 00.14٪ـی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. رۆژی دووشەممە رووداو هەواڵی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی بڵاوکردەوە. 
 
 
دەقی روونکردنەوەکە:
 
1. سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارە بونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو  وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
 
2. سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد     
 
ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.
 
3. بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.   
 
4. سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی. 
 
5. سەبارەت بە زیاد بوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى 6 و 7ی 2024، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (54،208،000،000) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی 956.876.000.000 نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە. 
 
لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992وەوە دابڕانێکی دوور و درێژی لە بواری سیستمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوەکو دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە شوباتی ئەم ساڵ تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.   
 
لەدوای ئەو بڕیارەوە، هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریارییەکان یەک بخەن، کە ئەمەش کارێکی ئاڵۆز و پڕ گرفتە.      
  
ئێمە لە ساڵی رابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین، ئومێدەوارین تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن. داواکارین لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی رێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەرییانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف)ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینییانە، مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بە بڕیارێکی ئیداری.    
 
بەبیر هەموولایەکی دەهێنینەوە دوای (31) رۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، تاوەکو ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی ( 1،426،000،000 ) دراوە بۆ تەمویلی مووچەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە  (%00.14) کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە