نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانی مێژوویدایە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، یەک ئۆنسە زێڕ بە 2516 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن سندووقەکانی وەبەرهێنان و گرەوی بازرگانان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، رۆژی سێشەممە نرخی زێڕی تاوەکو 2532 دۆلار بەرزکردەوە.
 
یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵ بە 2555 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەوەش هێمایەکە بۆ ئەوەی ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی کانزای زەرد لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئارادایە.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ بەڕیژەی 22٪ کە یەکسانە بە 450 دۆلار، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کرسیتۆفەر وۆنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی (OCBC) رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێمایەکە بۆئەوەی تاوەکو چەند بازرگانان گرەویان لەسەر ئەوە کردووە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە مانگی داهاتووەوە بەرزدەکاتەوە."
 
بەپێی راپرسییەکان، ئێستا چانسی کەمکردنەوەی 0.25٪ لە سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا 68٪ـە.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر بە یۆرۆ بۆ کەمترین ئاستی لە ئەمساڵدا دابەزیوە و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە کە هۆکارن بۆ ئەوەی زێر بتوانێت پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی بکات.