یەک هەفتەیە هەموو رۆژێک نرخی نەوت دادەبەزێت؛ هۆکارەکەی چییە؟


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت زیاتر دابەزی، بەو پێیەش لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، رۆژێک نەبووە نرخی نەوت لە دابەزین بکەوێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 10 سەنتی دیکە دابەزی و بەرمیلێکی بە 77 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە بەبڕی 347 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری نەوتە لە جیهاندا و بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتەدا، هێمای کەمبوونەوەی خواستە.
 
ئەگەری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەززەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان گەشبینن بەوەی کە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و غەززە رابگەیێندرێت کە مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی نەوت کەمدەکاتەوە.