یەکێتیی ئەوروپا: لە 90٪ی کۆگەکانی گازمان پڕن

رووداو دیجیتاڵ 

کۆگەکانی گاز لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەر لە وادەی دیاریکراو، پڕ لە گاز کراون، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێش کۆتایی ئەمساڵ وەکو دوا وادە بۆ پڕکردنی کۆگەکانی گازیان دانابوو. 
 
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023 دەستەی ژێرخانی گازی ئەوروپا رایگەیاند، بەر لە وادەی دیاریکراو کۆگەکانی وڵاتانی یەکێتییەکە ٪90ی گازی پێویست بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵیان تێدایە.
 
لە یەکەمین وەرزی زستانی دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کە 47٪ی خواستیان بۆ گاز لە رووسیا دابین دەکرد، رووبەڕووی کورتهێنان بوونەوە؛ لە پایزی هەمان ساڵ سیاسەتی "پڕکردنی ناچاری کۆگەکان"یان پەیڕەو کرد و رۆژی 1ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەک دوا وادەی پڕکردنی کۆگەکان دانرا.
 
بەگوێرەی داتاکانی "دەستەی ژێرخانی گازی ئەوروپا" لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە 90٪ی کۆگەکان پڕ لە گاز کراون".
 
کادری سمسن، کۆمسیاری وزەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: "پڕبوونی کۆگەکانمان بە گازی پێویست ئامادەکاریی باشی یەکێتیی ئەوروپا بۆ زستانی ئەمساڵ دەسەلمێنێت؛ ئەوەش دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزە بۆ چەند مانگی داهاتوو؛ بازاڕی وزەی ئەمساڵمان بەراورد بە زستانی رابردوو سەقامگیرترە".
 
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەو بارەیەوە گوتی: "پڕبوونی پێشوەختەی زۆربەی کۆگەکان بە گازی پێویست، هەموومان لە پشتبەستن بە گازی رووسیا سەربەخۆتر دەکات".
 
بەهۆی کەشی زستانی ساڵی پار، کۆگەنی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆتایی وەرزی سەرما هێشتا 56٪ی گازی پێویستیان تێدابوو؛ ئەوەش پڕکردنیانی لە هاویندا ئاسانتر کرد.