تونسییەکان بە 90 بۆ 320 دۆلار پێبژاردن سزادەدرێن لە ئەگەری بەکارهێنانی پلاستیک


رووداو - هەولێر

لە دوورگەی جەربەی تونس، ژینگەدۆستان پاشماوە پلاستیکییەکان کۆدەکەنەوە و دەڵێن، پاشەڕۆ دیمەنی دڵخوازی کەناراوەکانی ناشیرین کردووە. هەڵمەتی پاککردنەوەی پلاستیک لە ئابی ئەمساڵدا لەو وڵاتە راگەیێندرا و تاوەکو ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت. حکومەتی وڵاتەکەش دەیەوێت بەکارهێنانی پلاستیک قەدەخە بکات و سزای پێبژاردن بۆ بەکارهێنەرانی جێبەجێ بکات.
 
فەوزی بۆسوفارا، بەرپرسی هەڵمەتی قەدەخەکردنی پلاستیک دەڵێت: "پلاستیک وردە وردە قەدەخە دەکەین. لەو پلاستیکانەوە دەستپێدەکەین کە لە زەویدا شی نابنەوە. ئامانجمان کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیکە لە 100٪ بۆ 80٪، 70٪، 50٪ و تاوەکو دەگەینە ئاستی سفر لە بەکارهێنانی پلاستیک".
 
حکومەتی تونس بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی نوێوە بەکارهێنانی ئەو پلاستیکانەی یەک جار بەکاردێن لە وڵاتدا قەدەخە بکات. هەر هاووڵاتییەکیش بەکاریان بهێنێت یان بازرگانییان پێوە بکات، بە 90 بۆ 320 دۆلار پێبژاردن سزا دەدرێت.
 
محەممەد خاچە، پیاوێکی تونسییە و زەمیلەچنە. دڵخۆشە بە قەدەخەکردنی پلاستیک، بە هیوایە بازاڕی بەرهەمەکەی کە بە پەل و پۆی درەختی خورمای تونسی دەیچنێت، گەرم ببێت و دوورگەکەش پاکببێتەوە.
 
محەممەد خاچە، زەمیلەچن گوتی: "چەندین سوودی هەیە و هێندەی پلاستیک زیانبەخش نییە. ئەمە بەرهەمێکی خۆماڵییە و شارەکەی پێناسراوە. تونس بە گشتی بە کارە دەستییەکانی ناسراوە. گەشتیاران لە جەربە دەیانەوێت لەبری پلاستیک بەرهەمە خۆماڵییەکان بەکاربهێنن، چونکە پلاستیک زیانی زۆرە. لەمێژە ئێمە ئاواتەخوازین پلاستیک قەدەخە بکرێت".
 
پلاستیک بە زیانبەخشترین جۆری پاشەڕۆ لە جیهان دادەنرێت و ئەمریکا، هیندستان، چین، بەرازیل و ئەندەنووسیا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بەرهەمدەهێنن.
 
تونس ساڵانە دوو ملیۆن و 800 هەزار تۆن پاشماوەی هەیە کە 9.4%ـی پلاستیکە و وەزارەتی گەشتوگوزاری ئەو وڵاتەش دەیەوێت ئەو بڕە کەمبکاتەوە و ئاستی بەکارهێنانی پلاستیک لە وڵاتدا بگەیێنێتە سفر.