ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی بازرگانانی باکووری کوردستان و تورکیا بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد. شاندەکە لە نوێنەرانی نزیکەی 20 کۆمپانیا پێکهاتووە.
 
رۆژی یەکشەممە 21-07-2024 شاندێکی ژووری بازرگانیی باکووری کوردستان و تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیان کرد و بڕیارە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان گفتوگۆ بکەن.
 
کۆمپانیاکان بریتین لە کۆمپانیای خۆراک، بیناسازی، تەندروستی، شووشەوات، کەرەستەی نێوماڵ و کشتوکاڵ.
 
نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیسەسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "داوامان کردووە [کۆمپانیاکان] لە زیاتر ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی پیشەسازی، کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاریی شاری سلێمانی بەشداری بکەن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن."
 
نەوزاد غەفوور گوتی، "قەبارەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە و کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوانمان."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کرد کە لە 3ی نیسانی 2023ەوە لەلایەن تورکیاوە راگیراون و گوتی، "راگرتنی گەشتەکان لە رووی بازرگانییەوە زیانی زۆری بووە و زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتووە و لە داهاتوویشدا سستی دەخاتە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان."
 
نەوزاد غەفوور ئەوەشی خستەڕوو، "لە دانیشتن و گفتوگۆکانمان لەگەڵ کۆمپانیا بازرگانییەکان، بابەتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی لە رێگەی بازرگانییەوە گوشار بخەنە سەر حکومەتەکەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی."
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا نواف کلیلیج، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "نزیکەی 20 کۆمپانیا لەم سەردانەدا بەشدارن کە لە 13 شاری تورکیاوە هاتوون و دەمانەوێت لەگەڵ ژووری بازرگانیی سلێمانی گفتوگۆمان هەبێت و بە هاوبەشی وەبەرهێنان بکەین."
 
نواف کلیلیج گوتی، "مانگی داهاتوو ژووری بازرگانیی سلێمانی بانگهێشتی تورکیا دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدەین و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان زیاتر بکەین."
 
ئەو ئەندامەی شاندی کۆمپانیا بازرگانییەکانی باکووری کوردستان تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، هەر بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەردانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر و کەرکووکیش دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە کۆڕبەندێکی ئابووری لەنێوان کۆمپانیا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و تورکیا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەوبارەوە بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چالاکییەکمان هەیە بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنێک بۆ کاری هاوبەش لەنێوان کۆمپانیا بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و شاندی تورکیا و باکووری کوردستان دروست بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە