کشتوکاڵی دهۆک: زیاتر لە 50 هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆمان ناردووەتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 50 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵییان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، 50 هەزار و 705 تۆن بەروبوومی پارێزگای دهۆک نێردراوەتە پاڕێزگاکانی دیکەی عێراق و هەناردەکردنیش بەردەوامە."
 
ئەو بەرهەمانەی لە دهۆکەوە نێردراون بریتین لە پەتاتە، پیاز، تەماتە، بامێ، شووتی، کاڵەک، کوولەکە، خەیار، کەلەرم، باینجان، بیبەر، ترۆزی و قەیسی.
 
دوێنێ شەممە هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "ئێستا رۆژانە پشتگیری بۆ زیاتر لە 300 بارهەڵگر بەرهەمی نێوخۆیی دەکەین بۆئەوەی بارەکانیان ببەنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
هەر دوێنێ سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانە زیاتر لە 600 تۆن شووتی و 500 تۆن خەیار دەبرێتە عەلوەی سلێمانی و لەو ژمارەیە زیاتر لە 75%ـی دەبرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
هاوین وەرزی زێڕینی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی نێوخۆی کوردستانە؛ لەو وەرزەدا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێندرێن، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان باجی زۆریان دەخرێتەسەر.