وەزارەتی کشتوكاڵی عێراق هاوردەکردنی شەش بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخە دەکات

21-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو-هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی شەش بەرووبوومی کشتوکاڵی بۆ نێو هەرێمی کوردستان و عێراق قەدەخەکرد. وەزیری کشتوکاڵیش دەڵێت، "بڕیارەکە دوای هەوڵەکانمان دێت لەپێناو کردنەوەی دەرگەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە مەبەستی ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 22/485ـی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە لە رۆژی 21ـی تەممووزی 2022  بەناونیشانی "راگرتنی هاوردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان"، وەزارەتی کشتوکاڵ بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 193ـی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە "راگرتنی هاوردەکردنی چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی، لەوانە پەتاتە، تەماتە، باینجان، خەیار، شووتی و کاڵەک.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت "دوای هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەی پێنجوین و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بە سوپاسەوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە بڕیاریدا بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەڕووی بەرهەمی هاوردەی ئەو بەروبوومانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێژەیەکی زۆر بەرهەمدەهێنرێن و، کردنەوەی دەرگەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە مەبەستی ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی ئازیزمان."
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە، 21-7-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بڕیارەکە کارێکی زۆر باشە ئەگەر پێوەی پابەندبن، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان لەو بەرهەمانەی ناویان هێنراوە بەشی خۆی دەکات و لێشی زیادە، بۆیە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەو بڕیارە دروستە، چونکە لە بەرژەوەندیی جووتیارانە کە پێشتر بەرهەمەکانیان ساخ نەدەکرایەوە، هەروەها بڕیارەکە دەبێتە هاندانی جووتیاران و پەرەپێدانی ئەو کەرتە، ئەوە جگە لەوەی هەنگاوێکە بەرەو پشتبەستن بە بەرهەمی خۆماڵی."
 
بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان و رێگەپێنەدانی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
رۆژی یەکشەممە، 10ـی تەممووزی 2022، ژمارەیەک لەو جووتیارانەی کە خاوەنی خانووی پلاستیکین و تەماتە، خەیار، باینجان و بیبەر بەرهەم دەهێنن، بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان بۆ ماوەیەک شەقامی بەردەم پارێزگای سلێمانیان داخست و داوایان لە وەزیری کشتوکاڵ کرد بەرهەمەکانیان کێشەی ساخنەبوونەوەیان بۆ چارەسەر بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.