بەغدا 400 ملیاری دیکە دەنێرێت؛ پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشدەکرێت

21-06-2023
سیروان عەباس
A+ A-

ووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە 24 کاژێری داهاتوودا، بەغدا 400 ملیار دیناری دیکە بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژی چوارشەممە، 21-06-2023 لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، بەغدا بڕیاریداوە لە 24 کاژێری داهاتوودا 400 ملیار دیناری دیکە بخاتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی مووچە.
 
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە گەیشتنی ئەو 400 ملیار دینارە، بەر لە جەژنی قوربان، مووچەی هەموو ئەو وەزارەت و دەستانە دابەش دەکرێت کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە".
 
15-06-2023 حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، لە 18-6-2023 دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 5ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بەوپێیە، بۆ مووچەی مانگی ئایار، بەغدا 800 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 19-06-2023 خشتەکەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، بەمشێوەیە:
 
- رۆژی سێشەممە 20-06-2023 مووچەی یەکەی 70 و 80ـی هێزەکانی پێشمەرگە.
- رۆژی چوارشەممە 21-06-2023 مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
- رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوبەرایەتیی دامودەزگا نەوتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە.
 
هەرچەندە پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی مووچەی مانگانەی هەموو وەزارەت و فەرمانگە و دامودەزگاکانی بەیەکەوە بڵاودەکردەوە، بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا لیستەکەی بە بەش بەش بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران، مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 940 ملیار دینارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە