بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و دینار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 85 ملیۆن دۆلاری بە کاش خستەڕوو، بەڵام بەهای دینار دابەزی. بەهای تمەنیش سەرەڕای رووداوی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی، بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ 100 دۆلار بە حەواڵە بە 5 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە، بە کاشیش بە 5 ملیۆن و 650 هەزار تمەنە.
رۆژی دووشەممە دوای ئەوەی گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی پشتڕاستکرایەوە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 60 هەزار تمەن، بەڵام لە کۆتاییەکانی رۆژی دووشەممە بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن پاشەکشەی کرد.
حاجی سابیر دەڵێت، بەرزبوونەوەی بەهای تمەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "هیچ دەستێک لەپشت گیانلەدەستدانی رەئیسی و یاوەرانییەوە نەبووە".
لە ئەگەرێکی لەو چەشنە، پێشبینیی ناسەقامگیریی زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرا.
بە پێچەوانەی بەهای تمەن، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی.
ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 550 دینار بووە. بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 145 هەزار و 450 دینار بووە.
دابەزینی بەهای دینار لەکاتێکدا دێت کە ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق دۆلارێکی زۆری بە کاش خستووەتە بازاڕەوە.
بانکەکە بۆ ئەمڕۆ 271 ملیۆن و 378 هەزار و 606 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 84 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش و، 187 ملیۆن و 128 هەزار و 606 دۆلاریشی بە شێوەی حەواڵە بووە.
هاوشێوەی دینار، نرخی مسقاڵی زێڕیش ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی.
دابەزینی نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهان. ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2410 دابەزی. ئەمە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی 5 هەزار دینار دابەزاند.
لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخەکان بەم شێوەیەن:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=565,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=520,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=495,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=425,000
بەهای دراوەکان و زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕدا
100 دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی:
لە هەولێر
145,550 دینار
لە سلێمانی
145,600
دینار
100 دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە:
حەواڵە
5.800 ملیۆن تمەن
کاش
5.650 ملیۆن تمەن
3240 لیرەی تورکی
107 یۆرۆ
123 پاوەند