لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەیەکی لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پەسندکرد

21-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
ئامادەکردن: هەستیار قادر و نەهرۆ محەممەد
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق مادەیەکى تایبەتى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراقى لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان بەو گۆڕانکارییە پەسندکرد کە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە کراوە.
 
رۆژی 21ى ئایارى 2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە کۆبوونەوەى لیژنەى دارایی مادەى 12ى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان پەسندکرا، بەو گۆڕانکارییەوە کە لە حکومەتەوە کراوە. 
 
مادەى 12ى پڕۆژەیاساکە، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، باس لە چۆنێتى دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان دەکات لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى و ئەو گۆڕانکارییەى کە حکومەت لەو مادەیەدا کردوویەتى و پەسندکراوە. گوتیشی، "بڕگەیەک لابراوە کە دەڵێت، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر نەبێت لە داهاتى نەوت و خاڵە سنوورییەکانى."     

 

نەرمین مەعرووف ئاشکرایکرد، ناکۆکى لەسەر چەند بڕگەیەکى مادەى 13 هەیە کە لایەنەکانى دیکە دەیانەوێت ناوى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بخەنە نێو بڕگەى دووەمى مادەکە، وەک فرۆشیارى نەوتى هەرێمى کوردستان لەبرى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوە جگە لە بڕگەیەکى دیکە کە دەیانەوێت ماوەى دانەوەى قەرزى بانکەکانى عێراق لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان لە حەوت ساڵەوە بکەنە پێنج ساڵ. 
 
بەگوتەى ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی عێراق، یەکێکى دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان، لە بڕگەکانى مادەى 14 دایە، "دەیانەوێت مادەیەک زیادبکەن بەوەى لەبارى دروستبوونى کێشە لە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکلاکەرەوە بێت، هاوکات دەستەواژەیەک بۆ بڕگەى یەکەمى مادەکە زیادبکەن بەوەى هەژمارى هەڵگرتنى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى بێت و وەزیرى دارایی عێراق لەبرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، دەسەڵاتى سەرپەرشتیکردنى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانى هەبێت بۆ خەرجکردنى پارەکەى." 
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارە لە کۆى 199 ترلیۆن دینارى تێکڕاى پارەى پڕۆژەیاساکە کە بۆ ماوەى سێ ساڵە. 
 
بڕیارە ئەمشەو بۆ جارێکى دیکە لیژنەى دارایی لەبارەى یەکلاکردنەوەى ئەو مادانە کۆببێتەوە کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە