رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق داوایەک بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى بۆ ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە هەناردەکردنەوەى نەوت رەتدەکاتەوە.
ئەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر بنەماى سکاڵایەک بووە کە بۆ جێبەجێکردنى هەموارى یاسای بودجەى گشتى پێشکێش بە دادگەکە کراوە.
ئازاد دۆسکى کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سکاڵاکەم دوو بەش بوو، یەکێکیان دەرکردنى فەرمانسالارییەکى بەپەلە بووە لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، دادگە بە فەرمى ئەو داوایەى رەتکردەوە بە پاساوى ئەوەى دەچێتە نێو نێوەڕۆکى بابەتى سکاڵاکە".
سکاڵاکە لە دژى هەریەک لە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی فیدراڵ و وەزیرانى نەوت و سامانە سرووشتییەکان تۆمارکراوە و دوو بەشە، یەکێکیان ئەو فەرمانسالارییە بووە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت کە رەتکرایەوە، بەشەکەى دیکەى تایبەتە بە ناچارکردنى بەغدا و هەولێر بە جێبەجێکردنى هەموارى یاسای بودجە و ناردنى تەواوى پشکى هەرێمى کوردستان جگە لە پارەى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە.
لە بڕیارەکەى دادگە لە بارەى داواکاریی دەرکردنى بڕیارى فەرمانسالارییەکە هاتووە، "رەتکرنەوەکە لەبەر ئەوە بووە کە داواکارییەکە تایبەتمەندى ئەوەى تێدا نییە فەرمانسالارى بۆ دەربکرێت و ئەگەر هەنگاوێکى لەوە جۆرە بنێن بەماناى ئەوەیە بۆچوونى پێشوەختى لەسەر سکاڵاکە داوە."
رۆژی 2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
ئازاد دۆسکى گوتى، "دادگەى باڵاى فیدراڵى رۆژى 22ى نیسانى دیاری کردووە وەک یەکەم دانیشتنى تایبەت بە سکاڵاکەم".
بەگوێرەى خشتەى بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2024 کە زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار بوو، نزیکەى 20 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ