بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بۆ 50% بەرزکردەوە

21-03-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای جێگیرکردنی سوودی بانکی، جارێکی دیکە بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا، رێژەی سوودی بانکی لە 45% بۆ 50% بەرزبکاتەوە. 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە زیادکردنی 500 خاڵی بنەڕەتی و بەمەش سوودی بانکی لە 45% بۆ 50% بەرزکردەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیدا، کە لە 22ـی شوباتی 2024 ـدا کرا، دوای هەشت جار بەررکردنەوەی لەسەر یەک، بۆ یەکەمجار سوودی بانکی لە 45% ـدا جێگیر کردبوو.
 
لە دەقی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندی تورکیادا هاتووە، هەڵوێستی توندی سیاسەتی دراو دەپارێزرێت تا ئەو کاتەی دابەزینێکی بەرچاو و هەمیشەیی لە رەوتی بنەڕەتی هەڵاوسانی مانگانەدا بەدەست دێت و چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان لەگەڵ مەودای پێشبینیکراودا کۆدەبنەوە.
 
بازاڕەکانی نێوخۆ ئەمڕۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری رێژەی سوودی بانکی ناوەندی مانگی ئادار بوو و چاوەڕوانییەکان بەو ئاراستەیە بوون کە رێژەی سوود بە جێگیری بمێنێتەوە. 
 
ئاژانسی رۆیتەرز بەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، هەرچەندە بوار هەیە بۆ ئارگومێنتی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەکاتێکدا رێژەی هەڵاوسانی فەرمی گەڕاوەتەوە بۆ 70% و لیرەی تورکی لە سەرەتای ئەمساڵەوە 9%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، بەڵام بازاڕ پێشبینی دەکات رێژەی سوود بە جێگیری بمێنێتەوە.
 
لە کۆی 22 دامەزراوەی بەشداربوو لە راپرسییەکەی رۆیتەرز 20 دامەزراوە رایانگەیاندبوو کە چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە رێژەی سووددا ناکەن. 
 
چاوەڕوانی 24 دامەزراوەی بەشداربوو لە راپرسییەکەی بلومبێرگ ئێچ تی، ئەوە بوو کە رێژەی سوود لە 45% ـدا بەجێگیری بهێڵدرێتەوە. لە راپرسییەکەدا دوو بەشداربوو پێشبینی زیادبوونی رێژەی سوودی 500 خاڵی بنەڕەتییان کردووە و سێ بەشداربوو پێشبینی زیادبوونی رێژەی سوودی 250 خاڵی بنەڕەتییان کردبوو. 
 
وەقفی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری تورکیا لە نوێترین یاداشتی هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دراودا پێشنیازی زیادکردنی رێژەی سوودی بە رێژەی 500 خاڵ و تووندکردنەوەی زیاتری کردبوو بەپێی داتاکان.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2023 دەستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کرد. پێش ئەو هەڵبژاردنە رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا 8.5% بوو.
 
هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی تورکیا ئەنجامی راپرسی بەشداربووانی بازاڕی بۆ مانگی ئاداری 2024 راگەیاند.
 
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ بەهای دۆلار بەرامبەر لیرە بۆ 12 مانگی داهاتوو، یەک دۆلار بەرامبەرە بە 42.79 لیرە. لە راپرسییەکەی مانگی شوباتدا پێشبینییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕدا یەک دۆلار بەرامبەر بوو بە 41.15  لیرە.
 
بە گوتەی هەندێک لە ئابووریناسان، خواست لەسەر دراوی بیانی لە تورکیا بەردەوام لە زیادبووندایە، چونکە گەشەی ئابووری "تەندروست نییە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.