رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە پار ئاژەڵی کەمتر سەربڕدراوە، یەکێک لە هۆکارەکانیش گرانبوونی نرخی گۆشتە، هەروەها دەڵێ "ئێستا هاوردەکردنی ئاژەڵ، بە فەرمی گەیشتووەتە سفر، ئەوەی هەیە، ئاژەڵی بەقاچاخهێنراوە".
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-03-2023) میوانی نیوڕۆژی رووداو بوو و گوتی، بەراورد بە پار، سەربڕینی ئاژەڵ کەمیکردووە، لە دوو رۆژی رابردوودا بەبۆنەی نەورۆزەوە تەنیا 374 سەر رەشەوڵاخ، دوو هەزار و 840 مەڕ و بزن سەربڕدراون، بەڵام پارساڵ بەگشتی زیاتر لە 16 هەزار ئاژەڵی گەورە لەگەڵ 255 هەزار سەر ئاژەڵی وەک مەڕ و بزن سەربڕدران.
لە مانگێکدا نرخی گۆشت بە زیندەقەپان بەڕێژەی 50٪ زیادبووە
لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی سەربڕینی ئاژەڵ، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێ "نرخی گۆشت بەزیندە قەپان بەراورد بەیەک مانگی رابردوو 50٪ زیادیکردووە، بەنموونە پێشتر یەک کیلۆ گۆشتی کاوڕ و بەرخ بە زیندەقەپان بە شەش هەزار بوو، بەڵام دوێنێ کیلۆی بە نۆ هەزار دینار فرۆشراوە، ئەوەش وایکردووە کاریگەری لەسەر فرۆشتنی کیلۆی گۆشتیش بکات، کیلۆیەکی لە 12 هەزار دینارەوە بووەتە 20 هەزار دینار".
کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی نرخی گۆشتە. هەڵمەت هەمزە دەڵێت، گۆشت کاڵایەکی ستراتیژییە، وەک هەر خۆراکێکی دیکەی جیهانی، گرانبووە، بەڵام گرنگترین هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشت، نەمانی سامانی ئاژەڵە، چونکە لەچەند ساڵی رابردوودا لەترسی وشکەساڵی، خەڵک ئاژەڵەکانیان دەفرۆشت، هاوکات بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان.
بەهۆی دابەزینی بەهای دینار، تێچووی هاوردەکردنی گۆشت زیادبووە
زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لە وڵاتانی بەرازیل، ماڵدۆڤیا، ئەرمینیا و جۆرجیاوە دەهێندرێن. بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، کە ئاژەڵ هاوردە دەکەن، پارە دەنێرنە دەرەوە، ئێستا حەواڵە بەراورد بەجاران قورستر بووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی تێچووی هاوردەکردنی گۆشت هەبووە.
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر پێشبینی دەکات نرخی گۆشت گرانتریش بێت و دەڵێت: "ئەگەر بمانەوێت کۆنترۆڵی نرخی گۆشت بکەین، پێویستە پێش هەموو شتێک بەرنامەیەک دابنێن بۆ دووبارە گرنگیدان بە سامانی ئاژەڵ و باج و رسوومات و گومرگی سەر ئاژەڵ لاببرێت و وەک بازرگانانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاسانکاری بۆ بازرگانەکانی ئێمەش بکرێت و، دۆلاریان بەنرخی دیاریکراوی بەغدا پێبدرێت".
"هاوردەکردنی ئاژەڵ بەفەرمی، بۆ 0٪ دابەزیوە"
هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی فەرمی لەرێگەی وەزارەتی کشتوکاڵە، کە بەگوتەی هەڵمەت هەمزە گەیشتووەتە 0٪ و دەڵێت: "بەشێکی کەمی سەرچاوەی ئاژەڵ لەناوخۆیە، دەتوانین بڵێین 20٪ بۆ 25٪ تێپەڕناکات، بەشە هەرە گەورەکەی هاوردەیە ئەوەش دوو رێگەی هەیە، یاخود بەفەرمی رێگەت دەدەن بیهێنیت کە ئێستا ئەوە نزیکبووەتەوە لە 0٪ لەبەر قورسی حەواڵە. دووەم هێنان بە قاچاخ، بەتایبەت لە ئێران، تورکیا و سووریا چونکە بمانەوێت یان نا پەڕینەوەیان لە سنوورەکان ئاسانترە، بۆیە ئێستا ئاژەڵ لە دەرەوە بە قاچاخ دەهێندرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، هاوردەکردنی ئاژەڵ بەشێوەی قاچاخ، نرخ و تێچووی هەرزانترە، چونکە باج و گومرگ نادرێت، مەترسیان لەسەر خراپی گۆشتەکەش نییە، چونکە کە دێنە سەربڕخانەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنینیان بۆ دەکرێن و هەرشتێک هەبێت کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام مەترسی گەورە لەسەر ئەو ئاژەڵانەیە کە لە لاکۆڵانەکاندا سەردەبڕدرێن.
"سەربڕینی ئاژەڵ لە لاکۆڵانەکان، زیاتر لە دوو هێندەی سەربڕخانەکانە"
هەڵمەت هەمزە گوتی: "30٪ـی ئاژەڵەکان لە نێو سەربڕخانەکان و 70٪ـی لەکۆڵانەکان سەردەبڕدرێن." دەشڵێت: "لەگەڵ بۆنەکان سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەکات بەتایبەتی لە جەژنی قورباندا".
بەگوێرەی ستاندارد، تێکڕای بەکارهێنانی گۆشت لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا 14 کیلۆ و نیوە، بەڵام هەڵمەت هەمزە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەو بڕە دەخورێت، بۆ نموونە لە هەولێر خەڵک 21.0 کیلۆ گۆشتی خواردووە بەگشتی لەچاو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هەولێر گۆشتخۆرترینە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ