وەزارەتی دارایی: ساڵی رابردوو 52 ملیار دینار قەرز بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی 2022 نزیکەی 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی داهات بەردەوامە. هەروەها باس لە رێکارە یاساییەکان بۆ تەملیککردنی موڵک لەلایەن بازرگان و وەبەرهێنەراوە دەکات کە لە کاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانکاری لە رێی بانکەکانەوە وەک بارمتە دانراوە. 
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە 375.444.189.465 دینار بووە، بەهۆی دواکەوتنی قەرزەکەوە 658.063.820.332 دینار سوودی چووەتە سەر. 
 
لە دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: بڕی 17.743.967.724 دینار بە شێوەی "نەقد" گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی گشتی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە بڕەکەی 1.015.764.042.073 دیناری عێراقییە. 
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێی بانکەکانەوە دەستیکردووە "بە تەملیک کردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بەبارمتە دانراون و تێیدا بە بەهای 34.153.080.000 دینار موڵکی بەبارمتە دانراو فرۆشراوە و حەوت موڵکی نوێش لەسەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون."