گوتەبێژی بازاڕی دراوەکەی سلێمانی: بانکی ناوەندی دۆلار ناداتە کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراوی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە ساڵێک لە داواکارییەکی بانکی ناوەندی بۆ تێکەڵکردنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هیچ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی سوودمەند نەبووە.
 
رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2023، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 29/س/4 نووسراوێکی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو کرد بۆ ئەوەی خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی هەموارکراو تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو بکەن.
 
لە نووسراوکەدا رۆژی 1ـی ئاداری 2023 دیاریکرابوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن، بە جۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێن بە یەک.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 21-1-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵێک بەسەر ئەو بڕیارەدا تێدەپەڕێت و هێشتا هیچ کۆمپانیایەکی دراو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لەو بڕیارە سوودمەند نەبوون و دۆلاریان وەرنەگرتووە."
 
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر هاوڕای هاوپیشەکەی لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دۆلاریان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پێدەدرێت، بەڵام لە هەولێر هیچ کۆمپانیایەک وەریناگرێت."
 
ژمارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 کۆمپانیایە لە جۆرەکانی "A,B,C". لە نوێترین راگەیێندراویشیدا، بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی 31-3-2024ـی داوەتە کۆمپانیاکانی جۆری Cـی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ ئەوەی تێکەڵبکرێن و ببنە بەشێک لە کۆمپانیاکانی A و B.
 
نووسراوەکەی ساڵی رابردووی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو، لە رۆژی 1-3-2024ـوە هەر کۆمپانیایەک کە خۆی لەگەڵ رێنماییەکان نەگونجێت، دادەخرێت و مۆڵەتی پێشووی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە و هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کاری کۆمپانیاکان رێکدەخرێتەوە و بەپێی مەرجەکان دەبێت لانیکەم پێنج کۆمپانیا یەکبگرن و ببنە یەک کۆمپانیای نوێ؛ کۆمپانیای جۆری A سەرمایەی لە پێنج ملیار دینار کەمتر نەبێت، جۆری B دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار، 100 دۆلاری ئەمریكی لە بانكەکە بە 146 هەزار ‏دینار دەفرۆشێتە ئەو کۆمپانیایانە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات. ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزکردەوە. 
 
بانکی ناوەندی ئێستا لەرێگەی سەکۆیەکەوە دۆلار بە بەهای 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەداتە بانکەکان بۆ ئەوەی بیخەنە بازاڕەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دۆلار لە بازاڕ بە زیاتر لە 150 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.