راوێژکارێکی باڵای وزە لە فەرەنسا: چاوەڕوان دەکرێت چارەکی دووەمی ساڵی 2024 نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە

20-12-2023
رێناس ساڵح
هومایوون فەلەکشاهی، راوێژکاری باڵای وزە
هومایوون فەلەکشاهی، راوێژکاری باڵای وزە
نیشانەکردن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی باڵای وزە لە فەرەنسا دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوو، هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە. باس لەوەش دەکات بەهۆی هێرشی حووسییەکان، هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور 50٪ کەمیکردووە.
 
هومایوون فەلەکشاهی، راوێژکاری باڵای وزە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشی دەکات، گوتی "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 0.5٪ نەوتی جیهانە، کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی ناوچەییدا دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت چارەگی دووەمی ساڵی داهاتوو، نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، وەبەرهێنەرانی نەوت ئامادەییان بۆ ئەوە پێشانداوە."
 
ئەو راوێژکارەی وزە پێشبینیش دەکات "بەهۆی کەمبوونی خواست لەسەر نەوت، تاوەکو سێ مانگی داهاتوو نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستا، مامەڵەی پێوە دەکرێت."
 
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە دەگوترا دەگاتە 150 دۆلار، گوتی، "خواست لەسەر نەوت کەمیکردووە، ئەوەش بۆ ئەوە بوو؛ نرخەکەی بەرزنەبێتەوە. تاوەکو سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو، نرخەکەی لەم ئاستە بە لاوازی دەمێنێتەوە، بەڵام لە چارەگی دووەمی ساڵی داهاتوودا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە بۆ 90 بۆ 100 دۆلار."
 
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی نەوت بە نزیکەی 80 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ناجێگیریی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەست بوو بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئەو کەشییانەی بە نۆکەندی سوێس لە دەریا سوور هاتووچۆ دەکەن.
 
هومایوون فەلەکشاهی، دەشڵیت "تیچووی گواستنەوەی نەوت نزیکەی 50٪ بەرزبووەتەوە، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، نرخەکان بەرزتر دەبنەوە، بەوەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دەبێت و، نرخی سووتەمەنی و کاڵا بەرزدەبێتەوە."
 
بەهۆی هێرشی حووسییەکان یەک لەسەر سێ گواستنەوەی کەشتییەکان لە دەریای سوور کەمیکردووە. 
 
9٪ نەوتی جیهان لە رێگەی نۆکەندی سوێس دەگوازرێتەوە.
 
لەسەر نەخشە محەممەد شێخ فاتیح، روونی دەکاتەوە چۆن رۆژانە تەنیا لە نۆکەندی سوێسەوە 9.2 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوە، 9٪ خواستی جیهان بۆ نەوت لە نۆکەندی سوێسەوە دابیندەکرێت. 
 
هەروەها رۆژانە 391 ملیۆن تۆن گازی شل لە نۆکەندی سوێس دەگوازرێتەوە کە 4٪ـی گازی جیهان دەکات. هاوکات داهاتی شەش مانگی رابردووی نۆکەندی سوێس کە دەگەڕێتەوە بۆ مسر، 9.4 ملیار دۆلار بووە.
 
بە گوتەی هومایوون فەلەکشاهی، لە هێرشی حووسییەکاندا، ئەوروپا زەرەرمەندی یەکەمە، بەتایبەتی لە کورتهێنانی سووتەمەنی، فڕۆکە کە یەک لەسەر سێی سووتەمەنی فڕۆکە لە رێگەی نۆکەندی سوێسەوە دەبێت.
 
هێرشی حووسییەکان نرخی نەوتی رووسیای بەرزکردەوە
 
 
بەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر گواستنەوەی نەوت لە رێگەی دەریایی سوورەوە، خواست لەسەر نەوتی رووسیا زیادیکردووە، بەمەش نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
 
هومایوون فەلەکشاهی، ئاماژە بەوە دەکات نائارامی لە دەریایی سوور، خواست لەسەر نەوتی رووسیا زیاد دەکات، ئەگەر هێرشی حووسییەکان بەردەوام بن، نرخی نەوتی رووسیا زیاتر بەرزدەبێتەوە.
 
لە پێنج گەورە کۆمپانیای گواستنەوە لە جیهان، چواریان بەهۆی مەترسیی هێرشی حووسییەکان هاتووچۆی کەشتییەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردایەتیی 10 وڵات دەکات لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەک بۆ پاراستنی رێڕەوی ئاویی دەریای سوور، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپی و بەریتانیا پێشوازیان لەو بڕیارە کرد.
 
بەریتانیا رایگەیاند، پەیوەست دەبێت بەو هاوپەیمانییەوە "بەڵام شوێنی وڵاتە عەرەبییەکان لە هاوپەیمانییەکەدا بەتاڵە" و، داوای لە وڵاتانی سعودیە و میسر کرد، ببنە بەشێک لە هاوپەیمانیێتییەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە