قایمقامی شێخان: 80٪ـی کرێکارانی کۆمپانیاکانی نەوتی سنوورەکە خۆماڵین

20-12-2022
هیدایەت جان
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، سەرباری ئەوەی قەزاکەیان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام "تائێستا هیچ پڕۆژەیەک لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئەو پارێزگایە لە شێخان جێبەجێ نەکراوە". دەشڵێت: "80٪ـی هێزی کاری کۆمپانیاکانی تایبەت بە نەوت لە ناوچەکە، کرێکاری خۆماڵین و داواشمان کردووە هەلیکاری زیاتر بۆ خەڵکەکە بڕەخسێنن".
 
رۆژی سێشەممە، 20-12-2022، سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "بە درێژایی بەقەزابوونی شێخان، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی [عێراق] پشتگوێیان خستووە و تاوەکو ساڵی 2003 تەنیا 19 قوتابخانە لە سنووری ئەم قەزایە دروستکرابوو، بەڵام لەدوای 2003 حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەم ناوچەیە بکات و 154 قوتابخانەی لە سنووری شێخان دروستکردووە".
 
سەردار شێخ یەحیا دەڵێت: "پێش پرۆسەی ئازادیی عێراق، تەنیا شەش بنکەی تەندروستی لە قەزای شێخان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە، 34 بنکەی تەندروستی خزمەتی خەڵکەکە دەکات و شەش وێستگەی دابەشکردنی کارەبا و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەباشمان هەیە".
 
بە گوتەی قایمقامی شێخان: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی سێ بەنداوی لە شێخان پەسندکردووە کە ئێستا بەنداوی خنس لە تەواوبووندایە و بڕی 10 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و زیاتر لە حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە".
 
سەردار شێخ یەحیا ئاماژەیدا: "پارێزگای موسڵ لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تائێستا هیچ پڕۆژەیەکی لە شێخان جێبەجێ نەکردووە" و گوتیشی: "ئەمساڵیش لە یاسای پاڵپشتیی خۆراک نزیکەی 12 ملیار دینارمان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەرخانکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، ئەمەش بە هەوڵی بەرپرسانی کورد لە بەغدا و لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا توانراوە ئەو بودجەیە بۆ شێخان تەرخان بکرێت".
 
کۆمەڵێک کێڵگەی نەوت و کۆمپانیای بواری نەوت لە قەزای شێخان کاردەکەن و چەندین جار تائێستا خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆپێشاندانیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بۆ هێزی کار لە خەڵکی ناوچەکە کەڵک وەربگرن و قایمقامی قەزای شێخانیش دەڵێت: "سەروو 80٪ـی هێزی کاری ئەو کۆمپانیایانە لە خەڵکی ناوچەکە پێکهاتووە و داواشمان کردووە هەلیکاری زیاتر بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنن".
 
رووبەری قەزای شێخان 525 هەزار دۆنمە و پێنج ناحیە و 10 شارەوانی و 187 گوند لەخۆدەگرێت کە دانیشتووانەکەی سەر بە هەرسێ ئایینی ئیسلام، کریستیان و ئێزدین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.