نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوو هەزار دۆلار نزیکدەبێتەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 93 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و تادێت ئۆنسەیەک زێڕ نزیک دەبێتەوە لە دوو هەزار دۆلار و پێشبینی دەکرێت لەگەڵیدا نرخەکەی لە هەرێمی کوردستانیش بەرزببێتەوە. نرخی نەوتیش لە دووەمین بەرزبوونەوەی هەفتانە نزیکە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 20.10.2023، نرخی زێڕ 6 دۆلار و 9 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1980 دۆلارە. ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە دوای 20ـی تەممووزی ئەم ساڵەوە. 
 
بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن. 
 
لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕەکەش، بەدوور نازانرێت نرخی زێڕ بگاتەوە دوو هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
 
پێش دەستپێکی شەڕەکە، نرخی زێڕ لە نزمترین ئاستی 7 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرا و ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1815 دۆلار، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کە ترسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان لە ئەمریکا زیادکردبوو.
 
لەدوای دەستپێکی شەڕەکە لە 7ـی ئەم مانگەوە، نرخی زێڕ نزیکەی 8٪ بەرزبووەتەوە؛ کە 6ـی ئەم مانگە ئۆنسەیەک زێڕ بە 1832 دۆلار بوو، واتە لە کەمتر لە دوو هەفتەدا زیاتر لە 150 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هاوکات، دابەزینی نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکاش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن. 
 
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 19.10.2023، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند، زیادبوونی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی داناوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک لێکدەدرێتەوە کە رەنگە پێویست نەکات چیدیکە سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
 
هەرچەندە پاوڵ باسی لەوە کرد کە هێشتا هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و بەوریاییەوە مامەڵە دەکەن و ئەگەری زیادکردنێکی دیکەی سوودی بانکی بە کراوەیی هێشتەوە، بەڵام گوتەکانی لە لایەن وەبەرهێنەر و بازاڕەکانەوە وا لێکدرایەوە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا چیدیکە سوودی بانکی زیاد ناکات.
 
زێڕ بە یەکێک لەو کاڵایانە دادەنرێت کە "پەناگەی ئارامە" و لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا بەهاکەی بەرزدەبێتەوە، یان لانیکەم دەیپارێزێت، ئەوەش وایکردووە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە خواست لەسەر کڕینی زیادببێت.
 
هاوکات، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لە جیهان و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرزتر ببێتەوە.
 
دوێنێ لەکاتی کردنەوە و داخستنی بازاڕەکاندا نرخی فرۆشتنی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24 =515,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 =475,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 =455,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18 =395,000 دینار
 
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر بە رووداوی گوتی، ئێستا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست [شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس] باڵی بەسەر بازاڕی زێڕدا کێشاوە و زیاتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە کاریگەریی لەسەر نرخەکانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان هەیە.
 
هەندرێن وەرتی باسی لەوەشکرد، ئەگەر نرخی ئۆنسەی زێڕ لەو ئاستەی ئێستا [1975 دۆلار] بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ تاوەکو 5 هەزار دیناریش بەرزببێتەوە.
 
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر دەشڵێت، ئەگەر گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوام بن، رەنگە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2070 دۆلاریش، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر هێور ببنەوە، رەنگە نرخی زێڕ بۆ 1865 بۆ 1870 دۆلار دابەزێت.
 
بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 93 دۆلار
 
هاوشێوەی زێڕ، شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەریی لەسەر نرخی نەوتیش داناوە.
 
نرخی نەوتی برێنت 97 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 93 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هاوکات، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 99 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 89 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەم پێیە، نەوتیش نزیکە لەوە بۆ دووەمین هەفتەی لەسەریەک بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتە بهێنێت.
 
ترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و هاتنەناوەوەی بەرهەمهێنەرێکی نەوتیی گەورە نیگەرانیی پچڕانی هەناردەی نەوتی دروستکردووە.
 
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری نەوت لە دامەزراوەی IG دەڵێت، "هێشتا گەورەترین نیگەرانی ئەوەیە کە رەنگە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان و چوونی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بۆ نێو غەززە بە واتای مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت بێت".
 
ئەمە لەکاتێکدایە یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، سەربازەکان لەسەر سنووری غەززە کۆبوونەتەوە و بەمزووانە فەلەستین "لە ناوەوە" دەبینن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە نزیکبوونەوەی هێرشی زەمینیی چاوەڕوانکراوی وڵاتەکە.
 
هاوکات، پێشبینییەکانی فراوانبوونی کورتهێنانی خستنەڕووی نەوت لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن. هاوشان لەگەڵ کەمبوونەوەی نەوت لە کۆگاکانی ئەمریکا.
 
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا بڕیاریداوە هەندێ لە گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ڤەنزوێلا کەمبکاتەوە، پاش ئەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی کۆبووەوە و بڕیاریاندا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا بکرێت.
 
بە بڕوای شارەزایان و پسۆرانی بواری نەوت، زەحمەتە ئەم پێشهاتە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئۆپێک پڵەس.
 
دامەزراوەی ANZ بۆ توێژینەوە دەڵێت، "پێشبینیی هاتنەوەی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ نێو بازاڕەکان، کاریگەریی کەمی هەبووە لە هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".